سەرۆک بارزانی: ئیرادەی گەلی کوردستان لە هێرش و درۆنەکان بەهێزترە

سەرۆک بارزانی: ئیرادەی گەلی کوردستان لە هێرش و درۆنەکان بەهێزترە

سەرۆک بارزانی: “ئەمە ئەوپەڕی تاوانکاری و زوڵمە، هاووڵاتییانی بێتاوانی کوردستان بەو شێوەیە و بێ هیچ پاساوێک دەکرێنە ئامانجی رقێکی کوێرانە”.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر گوندەکەی ‘زەرگەزەوی’  رایگەیاند، ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و درۆنەکان بەهێزترە و بە شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سڤیلیش هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7/4/2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، “شەوی رابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا کرایە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێتاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانییەوە شەهید کران”.

سەرۆک بارزانی روونیشی کردەوە، “ئەمە ئەوپەڕی تاوانکاری و زوڵمە، هاووڵاتییانی بێتاوانی کوردستان بەو شێوەیە و بێ هیچ پاساوێک دەکرێنە ئامانجی رقێکی کوێرانە”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری ئەو دوو شەهیدە کرد و هیوای خواست خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

 بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران. ئەوە ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە.

 شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات.

 شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە.

 مەسعود بارزانی

7ی نیسانی 2026

Share