نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکات؛ “هاووڵاتییانی سڤیل دەپارێزێت”

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران دەکات؛ "هاووڵاتییانی سڤیل دەپارێزێت"

نێچیرڤان بارزانی: “هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و هیوا دەخوازێت، ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن بۆ سەرانسەری ناوچەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس”، رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە دا، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، هاوکات دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ ناوچەکە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، روونیشی کردەوە، ستایشی هەوڵەکانی سەرجەم ئەو لایەنانە دەکەن رۆڵیان هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتن بەم ئاگربەستە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی خستە روو، هیوادارە هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرقەرار بێت.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.

Share