نیویۆرک تایمز: لە چەند رۆژی داهاتوو ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نامێنن

نیویۆرک تایمز: لە چەند رۆژی داهاتوو ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نامێنن

بەرپرسێکی پاکستانی: “ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوە بچێت.”

دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، پاکستان ئاشکرای دەکات، کە نێوەندگیرەکانیان ئاماژەی ئەرێنییان لە تارانەوە پێ گەیشتووە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەست پێبکاتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 22/4/2026، رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی پاکستانییەوە بڵاوی کردەوە، “ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوە بچێت.”

ئەو بەرپرسە پاکستانییە ئاماژەی بەوە کرد، “دوای بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، نێوەندگیرە پاکستانییەکان ئاماژەی ئەرێنییان لە تارانەوە بە دەست گەیشتووە، هەروەها لە چەند رۆژی داهاتوو ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران نامێنن.

ڕۆژی سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران کرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژران. دواتر لە 8ـی نیسانی ئەمساڵدا، واشنتون و تاران ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیاند.

سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆکانی پێشوو لە ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە هیچ ئەنجامێک کۆتاییان هات، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ راپۆرتێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی جەنگ و پێکدادانەکان بڵاو نەکراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرە دەریاییەکانی ئێران.

Share