کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی کوردانی باکوور: “یەکگرتوویی بۆ ئێمە زەروورییە”

لەکۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە دووبەرەکی هەمیشە ڕێگای بۆ پیلانگێڕی و جینۆساید خۆش کردووە.
کوردانی باکوور لە کۆنفرانسێکی بەرفروان و مێژووییدا سەبارەت بە پێویستی یەکیەتیی نەتەوەیی کۆبونەوە. لە کۆنفرانسەکەدا بە ناوی “کوردەکانی باکوور یەکێتیی نەتەوەیی خۆیان تاوتوێ دەکەن”، داوا هەموو هێزە سیاسییەکان کرا کە ململانێ ناوخۆییەکان وەلا بنێن و لەسەر ستراتژیی هاوبەشی نیشتمانی ڕێکبکەون. لە کۆنفرانسەکەدا دیاری کرا کە لە سەدەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکگرتوویی تاکە زامنی پاراستنی هەبوون و دەستکەوتەکانی گەلی کوردە.
بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە لە ساڵیادی “کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی”ی حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (26ی نیسانی 2025) وەک پەیامێکی بەهێزی پشتیوانی هەڵسەنگێندرا. بەشداربووان ڕایانگەیاند، هاوشێوەی قەڵغانی پۆڵاین لە کۆبانی و پاراستنی ڕۆژئاڤا، پێویستە ئەمڕۆکە دروشمی “گەلی کورد یەکە”، بنەمای بزووتنەوەی سیاسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بێت.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا سەرنج خرایە سەر هەوڵە مێژووییەکانی سەرکردەکانی کورد و وەبیر هێنرایەوە کە لە سایەی هەوڵەکانی سەرۆک “مام جەلال”دا “پرۆتۆکۆڵی 1993” لە دیمەشق واژۆ کرا و لە ساڵی 2013شدا بە بانگەوازی بەڕێزعەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەستپێشخەریی ڕێزدار مەسعوود بارزانی، کورد زۆر لە کۆنگرەی نەتەوەیی نزیک بووەوە. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە هەرچەندە دەستێوەردانەکانی دەرەکی تا ئێستا ڕێگریان لە یەکگرتووییش کردووە، بەڵام ئەمڕۆکە دەرفەتە مێژووییەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە هەموو کاتێک زیاترە.
لە کۆنفرانسەکەدا سەرنج خرایە سەر قەیرانەکانی وڵاتانی دراوسێش:
لە تورکیا: داوا کرا کە پڕۆسەی ئاشتی لە وشەکان تێپەڕێت و چوارچێوەیەکی یاسایی وەربگرێت. باس لەوە کرا کە پێویستە ناسنامەی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا بەفەرمی بناسرێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
لە ئێران: کۆنفرانس پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵی شەش لایەنەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دامەزراندنی “بەرەیەکی هاوبەش” ڕاگەیاند و داوای کرد کە جیهان دان بە داخوازییە ڕەواکانیاندا بنێت.
لەکۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە دووبەرەکی هەمیشە ڕێگای بۆ پیلانگێڕی و جینۆساید خۆش کردووە. بەشداربووان داوایان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد، بەرژەوەندی تاک و حزبی وەلابنێن و بەپێی ئیرادەی گەل بۆ یەکڕیزی هەنگاو بنێن. “یەکگرتوویی و یەکیوتی تەنیا هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو پێویستی و زەروورەتێکی ژینەکییە بۆ سەدەی نوێ”.