دەم پارتی: ئۆجەلان نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ پڕۆسەی ئاشتی خستووەتەڕوو

دەم پارتی: ئۆجەلان نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ پڕۆسەی ئاشتی خستووەتەڕوو

دەم پارتی داواکارە کەوا پێش پشووی هاوینەی پەرلەمانی تورکیا، “یاسای چوارچێوە” پەسند بکرێت.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوایین دیداری شاندی ئیمرالییدا، نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستووییەکانی پڕۆسەی ئاشتی خستووەتەڕوو؛ جەختی لەسەر پێویستیی دەرکردنی “یاسای چوارچێوە” کردەوە بۆ ئەوەی پرسی کورد لە بازنەی “تیرۆر و ئەمنی” دەربچێت و بخرێتە سەر رێڕەوی یاسایی و دیموکراسی.

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەیدا لە پارلمانی تورکیا ئاشکرای کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەوڵێکی جددی بۆ داڕشتنی بنەمایەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەدات.

گوتی: “ئۆجەلان نەخشەڕێگایەکی بۆ تێپەڕاندنی دواکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پێشنیاز کردووە؛ شاندی ئیمرالی هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئاکپارتی کۆبوونەتەوە و باسیان لە گرنگیی دەرکردنی ‘یاسای چوارچێوە’ کردووە پێش ئەوەی پەرلەمان پشووی هاوینە رابگەیەنێت.”

تولای هاتیمۆغوڵڵاری روونیکردەوە کە ئەم یاسایە تەنیا ناونیشانێکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو گەرەنتییەکەی مێژووییە بۆ پێکەوەژیانی یەکسان و “دەبێت ئەم یاسایە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بگوازێتەوە بۆ سەر بنەمای ئاشتی و برایەتیی یەکسان، و دەبێت دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێکەوە خاوەندارێتی لێ بکەن.”

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی سەر عەلەوییەکان لە سووریا و رایگەیاند، کەمپینێکی جیهانیی کۆکردنەوەی واژۆ بە ناونیشانی “کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان رابگرن” دەستی پێکردووە. واژۆکان پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا، پەرلەمانی بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێن.

هاوسەرۆکی دەم پارتی دیمەشقی بە بەرپرسیار لە تاوانەکان دژ بە ژنان و منداڵان و نەتەوەکان زانی و داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە لەو تاوانانە بکەن.

هاتیمۆغوڵڵاری جەختی کردەوە پڕۆسەی ئاشتی لەبەردەم وەرچەرخانێکی هەستیاردایە و گوتی: “ئێمە دەزانین رێگەی دیموکراسی و ئاشتی دژوارە، بەڵام بڕیارمان داوە تا کۆتایی بەو رێگەیەدا بڕۆین. ئێستا بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی پەرلەمان و دەسەڵاتدایە تاوەکو هەنگاوی کردەیی بنێن.”

Share