پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر داخوازی لاوانی کورد بۆ ڕۆژئاڤا هەنگاو دەنێت

پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر داخوازی لاوانی کورد بۆ ڕۆژئاڤا هەنگاو دەنێت

پەرلەمانی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی دژی خەڵکی سڤیل بەتایبەتی دژی کۆمەڵگەی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ەکات و ئەو کردەوانەی بە “تاوانی جەنگ” و پێشێلکردنی جیددی مافەکانی مرۆڤ پێناسەکردووە.

لە کاتێکدا کە سێبەری شەڕ و مەترسیی کۆچ لە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر ببوو، دەستپێشخەریی مرۆیی و یاسایی لاوانی کورد لە ئەوروپا بوو بە پردێکی گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهانی. کۆمەڵێک گەنجی دڵسۆزی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا، ئامادەکردنی بەڵگەنامەی تاوانکارییەکان، لە دەروازەکانی پەرلەمانی ئەوروپایان دا و دوای هەوڵێکی بەردەوام، وەڵامێکی فەرمی و بەهێزیان وەرگرت.

لە سەرەتای ساڵی 2026دا، دۆخی مرۆیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب گەیشتبووە ئاستێکی کارەساتبار. هێرشەکانی سوپای سووریا بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 155 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون. لە هەمان کاتدا نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر کە تاقە بنکەی تەندروستی ناوچەکە بوو، بەهۆی بۆردومانەکەوە لە خزمەتگوزاری کەوت و مەترسی پاکتاوکردنی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی بەرامبەر بە کورد بۆ ئاستێکی باڵا بەرزبوویەوە.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا فیدراسیۆنی لاوانی کورد لە ئەڵمانیا لە 12ی ژانیڤەری 2026دا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و بە سەرپەرشتی شاهان عومەر فارس و بە بەشداریی چالاکوانان؛ د.ڤیان خەلیل، لوانا عەفاف حەجی شێخمووس، یاسەمین موراد و دڵژین باغستانی، بڕیاردرا کە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، سەردانی دامودەزگاکانی ئەورووپا بکەن. بۆ ئەم مەبەستە لەسەر ئاستی نێودەولەتیدا دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی حەلەب و ڕاپۆرتێکی فەرمییان پێشکەش بە پەرلەمانی ئەوروپا کرد.

ئەو نامەیەی کە بۆ پەرلەمان نێردرابوو، بەڵگەنامەیەکی یاسایی بەهێز بوو کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ دامەزرابوو. ڕاپۆرتەکە پێنج داواکاری سەرەکیی لەخۆگرتبوو، ئەوانیش بریتی بوون لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی، دابینکردنی پاراستنی دەستبەجێ بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کورد، سەپاندنی سزای توند بەسەر تاوانباران، پشتیوانیکردن لە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بە بەشداری کورد و فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان.

دوای پڕۆسەیەکی 6 مانگەی چاودێری، لە ڕێکەوتی 8ی تەمووزی 2026دا، وەڵامی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپا کە بە واژۆی بۆگدان ڕزۆنجا (سەرۆکی کۆمیتەی داواکارییەکان) ئامادەکرابوو، بە دەستی نوێنەرانی لاوانی کورد گەیشت. ئەگەرچی ئەم وەڵامە لە ڕووی زەمانییەوە تا ڕادەیەک درەنگیش کەوتبێت، بە ڵام لەبەر ناوەڕۆکە ئەرێنی و حقۆقیەکەی، هیوایەکی گەورەی لە ناو گەلی کورد و لاوانی ڕۆژئاڤای کوردستاندا خوڵقاند.

پەرلەمانی ئەوروپا لە وەڵامەکەیدا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەم پرسە بە تەواوی دەکەوێتە چوارچێوەی بوارەکانی کارکردنی یەکێتی ئەوروپاوە. بە سەرنجدان بە گرنگی ئەو پرسە، پەرلەمان بۆ چاودێریکردنی ورد و ئاستی باڵا لەسەر ڕەشنووسەکە و دۆخی ناوچەکە، بە فەرمی فایلەکەی ئاراستەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و کۆمیتەی لاوەکی مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پەرلەمانی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی دژی خەڵکی سڤیل دەکات، بەتایبەتی دژی کۆمەڵگەی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەو کردەوانەی بە “تاوانی جەنگ” و پێشێلکردنی جیددی مافەکانی مرۆڤ پێناسەکردووە. پەرلەمان دووپاتی کردەوە کە لە پاڵپشتییەکانی بۆ پاراستنی مافە مەدەنی و سیاسی و پەروەردەییەکانی کورد لە سووریا، بەردەوام دەبێت.

ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماسییە کە بەرهەمی کاری گەنجانی کوردە، بەڵگەنامەیەکی ڕوونە کە هەوڵەکانی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات، دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست بکات. بەم هەنگاوە مێژووییە، مەلەفی ئازارەکانی حەلەب و ڕۆژئاوای کوردستان، مەترسی لەبیرکرانی نەما، بەڵکوو بوو بە بەشێک لە ئەجێندای فەرمی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرزترین ئاستی یاسادانانی ئەوروپادا.

 

Share