میتحەد سانجار: پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای گەرەنتی یاسایی دادەمەرزێت

“یاسا نوێیەکە دەبێت میکانیزمی ڕوون بۆ چەکدانان و ئەنتەگراسیۆن لەخۆبگرێت، هەروەها مافی سیاسەتی ئازاد و دیموکراتیک وەک ستوونی سەرەکی چارەسەری بپارێزێت”.
میتحەد سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، لێدوانی گرنگی دەربارەی گفتوگۆکان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری دا و ڕایگەیاند کە مسۆگەر کردنی ئاشتی تەنیا بە گەرەنتی یاسایی و بە فەرمی ناسینی ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکرێت.
سانجار لە کۆنفرانسێکدا لە ژێر ناوی “پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا و نموونە جیهانییەکان”، جەختی لە گرنگی پێناسەکردنی هەنگاوەکان کردەوە. سانجار ڕایگەیاند کە نێوەندگیری دروست کاریگەری لەسەر دەرئەنجامەکە هەیە و وتی: “بۆ ئێمە ئەم پرۆسەیە ‘پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە’.” هەروەها ڕەخنەی لە بەکارهێنانی زاراوەی “تیرۆر” گرت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم زمانە، نیگەرانییەکان لەبارەی دڵسۆزی دەوڵەتەوە دەوروژێنێت.
“چەکدانان بنەمای چارەسەرییە”
میتحەد سانجار سەرنجی بۆ بانگەوازەکەی 27ی شوبات ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە لە تورکیا بە پێچەوانەی ئەزموونەکانی جیهان، قۆناغی چەکدانان وەک دەسپێکی پرۆسەکە قبووڵ کراوە تا بنەمای چارەسەری بە شێوەیەکی تۆکمە دابمەرزێت.
سانجار داوای کرد کە “یاسای چوارچێوە” بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر ئامادە بکرێت و لە درێژەدا گوتی:
“پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای بیروباوەڕی تاکەکەسی دانامەرزێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای گەرەنتی یاسایی دادەنرێن، یاسا نوێیەکە دەبێت میکانیزمی ڕوون بۆ چەکدانان و ئەنتەگراسیۆن لەخۆبگرێت، هەروەها مافی سیاسەتی ئازاد و دیموکراتیک وەک ستوونی سەرەکی چارەسەری بپارێزێت”.
“ڕۆڵی ئۆجەلان لە یاسادا داواکارییەکی سروشتییە”
سانجار جەختی لەوە کردەوە کە کلیلی ئەم پرۆسەیە لە ئیمرالیدایە و ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: “ڕێگای ئەم پرۆسەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێز ئۆجەلانەوە کراوەتەوە، جگە لە ئەو هیچ کەسێکی تر نەیدەتوانی بانگەوازێکی مێژوویی وەها بکات کە کاریگەریی لەسەر بڕیاری گرووپەکان هەبێت، بۆیە داننان بە ڕۆڵی ئەو لە یاسادا داواکارییەکە بەپێی سروشتی کارەکە و پێویستە ئەم ڕۆڵە بە فەرمی قبووڵ بکرێت”.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئامانجی سەرەکی کۆتاییهێنان بەم شەڕە قورسە بێت، دەوڵەت دەبێ ئەم واقیعە سیستماتیکەی دانوستان و هەبوونی موخاتەب قبووڵ بکات.