دە ساڵ بەسەر هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەمووزی 2016ی تورکیا تێدەپەڕێت

دە ساڵ بەسەر هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەمووزی 2016ی تورکیا تێدەپەڕێت

هەوڵی کودەتاکە نەک تەنیا لە بواری سەربازی بەڵکوو لە بواری سیاسیشدا وەرچەرخانێکی گەورە بوو.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دە ساڵ، بەسەر هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەمووزی 2016ی تورکیادا، هێشتا ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە ئەندامی بزووتنەوەی گولەن، بەردەوامییان هەیە. بەپێی داتا فەرمییەکان، نزیکەی دوو ملیۆن کەس ڕاستەوخۆ کاریگەری کودەتاکەیان لەسەر بووە.

ئەمڕۆ 10 ساڵی تەواو بەسەر هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەمووزی 2016 تێدەپەڕێت، لەو شەوە خوێناوییەدا کە چەندین ناوەندی ستراتژیک وەک پەرلەمان و کۆشکی سەرۆکایەتی و پردی بۆسفۆر کرانە ئامانج، نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 3 هەزار کەسیش برینداربوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 2 ملیۆن کەس کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە دەرئەنجامەکانی هەوڵی کودەتاکە و پرۆسەی “دۆخی نائاسایی” بەرکەوتووە. ئامارە سەرەکییەکانی ئەو ماوەیە بەم شێوەیەن:

ـ لێکۆڵینەوەکان: زیاتر لە 720 هەزار کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

ـ سزاکان: زیاتر لە 127 هەزار کەس سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.

ـ دەرکردن: زیاتر لە 125 هەزار بەرپرسی دەوڵەت لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، کە 56 هەزاریان ئەفسەر و پۆلیس بوون.

ـ زیندانی: لە ئێستادا زیاتر لە 10 هەزار کەس لە زینداندان، لەو ژمارەیەش 3 هەزار کەسیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.

ئاک پارتی و دەسەڵاتدارانی دەوڵەت هەوڵی کودەتاکە بە “پرۆژەی فەتۆ بۆ لەناوبردنی تورکیا” وەسف دەکەن. ئەفکان عەلا جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکخراوەیان لە ناو دەوڵەتدا پاککردۆتەوە.

یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیاش سەرنجی بۆ بەرخۆدانی میللەت ڕاکێشاوە و وتی: “ئەو شەوە نیشانی دا کە دەوڵەتێک پشتیوانیی میللەتی لەگەڵ بێت، بە هیچ هێزێک لەناو ناچێت”.

هەوڵی کودەتاکە نەک تەنیا لە بواری سەربازی بەڵکوو لە بواری سیاسیشدا وەرچەرخانێکی گەورە بوو. سێ مانگ و نیو دوای کودەتاکە، پارێزبەندی پەرلەمانتاران هەڵگیرا. لە ئەنجامدا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی ئەوکاتی هەدەپە لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەری هەدەپە دەستگیرکران و تا ئێستاش لە زینداندان.

جگە لەوەش لەگەڵ ڕیفراندۆمی ساڵی 2017دا، تورکیا لە سیستەمی پەرلەمانیەوە گۆڕا بۆ “سیستەمی سەرۆکایەتی” کە بە گەورەترین گۆڕانکاری لە حکومەت دادەنرێت لە مێژووی کۆماردا. ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە ئەندامی بزووتنەوەی گولەن، دوای 10 ساڵ هێشتا بەردەوامن.

Share