ئۆزگوور ئۆزەل وادەی ڕاگەیاندنی حیزبە نوێیەکەی ئاشکرا کرد

بەم هەنگاوە نوێیە، تابلۆی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە و لاپەڕەیەکی نوێ دەڕوات.
ئۆزگوور ئۆزەل، لە بەڕێوەبەرانی ناودار و سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە هەموو ئامادەکارییە سیاسی و تەکنیکییەکانیان بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێ تەواو کردووە. ئۆزەل باسی لەوەش کرد کە لە چەند هەفتەیەکی تردا، واتە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو بە فەرمی پارتە نوێیەکەیان بە ڕای گشتی دەناسێنن.
ئەم بڕیارە بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دوای قەیرانێکی قووڵ و هەستیاری ناو جەهەپە هات کە پاش بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ی ئەو حیزبە سەریهەڵدا. بەم هەنگاوە نوێیە، تابلۆی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە و لاپەڕەیەکی نوێ دەڕوات.
ئۆزگوور ئۆزەل ڕۆژی چوارشەممە (15ی تەمموزی 2026) بۆ میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە نووسینی مانیفێست و بەرنامە و دیزاینی لۆگۆی پارتەکەیان تەواو بووە. ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێکخراوە نوێیە بۆ ئەوان تەنها تەرجیحێک نییە، بەڵکوو ڕێوشوێنێکی یاسایی و گەرەنتیشە بۆ ئەوەی کە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتدا ئەنجام بدرێت، ئەوان ئامادە بن و مافە سیاسییەکانیان لەدەست نەچێت.
ئەم پێشهاتە سیاسییە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە لە 21ی ئایاری 2026دا کە تێیدا دادگا بڕیاریدا 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە (کە لە تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچووبوو و تێیدا ئۆزەل سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو)، بەتەواوەتی هەڵبوەشێنێتەوە. لە ئەنجامی ئەم بڕیارەی دادگادا ئۆزەل و سەرکردایەتیی جەهەپە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و بەڕیوەبەرایەتی پێشووی جەهەپە بە سەرکردایەتی کەمال کلیچدارئۆغڵو گەڕانەوەی بۆ پۆست و کارەکانیان.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە یاساییە، لایەنگرانی ئۆزەل هەوڵیان دا واژۆی زیاتر لە هەزار نوێنەری کۆنگرەکە کۆبکەنەوە تا بۆ پاراستنی شەرعیەتی سیاسی خۆیان، داوای کۆنگرەیەکی نائاسایی بکەن. بەڵام ڕێبەرایەتی سەردەمی کەمال کلچدارئۆغڵو بەڕاشکاوی ئەم داوایەی ڕەتکردەوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی کە ئۆزەل و تیمەکەی بڕیاریاندا یەکجارەکی و بۆ هەمیشە جەهەپە جێبهێڵن و حیزبێکی سیاسیی نوێ دابمەرزێنن.