ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی لە ئەنقەرە: سەرۆکی شارەوانی چانکایا و 23 کەسی دیکە دەستگیرکران

جەهەپە: “ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژەپێدەری فشارە سیستماتیکەکانی دەسەڵاتە بۆ سەر شارەوانییەکانمان”.
حوسێن جان گونەر، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی چانکایا لە ئەنقەرە، کە لە سەر لیستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەڵبژێردرابوو، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی گەندەڵی بە بڕیاری دادگا دەستگیرکرا. ئەم ڕووداوە نوێیە لە ناوەندی سیاسی تورکیا دەنگی دایەوە و لە لایەن پارتەکەیەوە وەک هەوڵێکی سیاسی دژ بەو حیزبە دادەنرێت.
بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی چانکایا و 23 تۆمەتباری دیکە لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە دەرچووە. لێکۆڵینەوەکە بە تۆمەتی “گەندەڵی، ساختەکاری و دابەزاندنی نرخی تەندەرەکان” ئەنجام دەدرێت. حوسێن جان گونەر لە 11ی تەمموز لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی ئەسنبۆگای ئەنقەرە دەستبەسەر کرا.
حوسێن جان گونەر سەرۆکی شارەوانی چانکایا، لە میانی ئیفادەکەیدا لە دادگا هەموو تۆمەتەکانی لەسەر گەندەڵی و ساختەکاری ڕەتکردەوە. گونەر لە بەرگریکردنەکەیدا ڕایگەیاند کە وەک سەرۆکی شارەوانی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پرۆسەکانی تەندەردا ناکات و بەپێی یاسا هەموو ئەو چالاکییانە لەلایەن دەستەی شارەوانی و بەشە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجام دەدرێن.
سەرەڕای بەرگریکردنی سەرۆکی شارەوانی و پارێزەرەکانی، دادگا بڕیاریدا لە کۆی 30 دەستگیرکراوەکە 24 کەسیان ڕەوانەی زیندان بکرێت کە گونەریشیان تێدابووە بۆ زیندان و 6 کەسەکەی دیکەش بە مەرجی کۆنترۆڵکردنی دادوەری ئازاد کراون.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دەستبەجێ ناڕەزایی توندی لەم بڕیارە دەربڕی و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژەپێدەری فشارە سیستماتیکەکانی دەسەڵاتە بۆ سەر شارەوانییەکانیان. بەڕێوەبەرایەتی جەهەپە ڕایگەیاند کە ئەوان وەک پارێزەرێکی یاسایی و سیاسی لە پشت سەرۆکی شارەوانیەکەیانەوە دەوەستن و لە نزیکەوە چاودێری هەموو هەنگاوێکی ئەم دۆسیە یاساییە دەکەن.
ناحیەی چانکایە کە بە دڵی ئەنقەرەی پایتەخت دادەنرێت، بە گەورەترین قەزای شارەکە و بەهێزترین قەڵای دەنگەکانی جەهەپە دادەنرێت. حوسێن جان گونەر، پارێزەرێکی گەنج و ناسراوی ناو پارتەکە، لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی مانگی ئازاری 2024دا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزی دەنگەکان، وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرابوو.