مەسرور بارزانی لە ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی شنگالدا: پێویستە رێککەوتنی شنگال بێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: “ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە كاتی خۆیدا لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتیش لەگەڵ (یونیتاد) كە دادگایەكی تاوان لە دژی داعش دروست بكرێت بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم تاوانانەیان لە دژی خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی ئەنجام دا، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی پێشوو هاریكار نەبوو. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ڕۆژێك ئەم دادگایە دابمەزرێت و هەر كەسێك دەستی لەم تاوانە هەبێت، بە سزای خۆی بگات”.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێورەسمێکی تایبەت بە دوازدەیەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئێزیدی و کۆمەڵکوژیی شنگال بەڕێوەدەچێت.
لە 12یەمین ساڵیادی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان و دیپلۆماتکارانی بیانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ڕزگارکردنی بێسەروشوێنکراوان و ئاساییکردنی رەوشی شنگال.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، لە دوای روودانی ئەو تاوانە گەورەیە، سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا کە شنگال ئازاد بکرێت و تۆڵە لە تیرۆریستان بکرێتەوە، روونیشی کردەوە، 100 رۆژ دوای ئەو بەڵێنە، لە خزمەت جەنابی سەرۆکدا گەیشتنە سەر لوتکەی چیای شنگال و ناوچەکە لە دەستی تاوانبارانی داعش رزگار کرا، ئەمەش بە قوربانیدان و خوێنی سەدان پێشمەرگە هاتە دی لە پێناو پاراستنی کەرامەت و شەرەفی خوشک و برا ئێزدییەکان.
پەیوەست بە ئاماری رزگارکراوان و دۆخی ئاوارەکان، مەسرور بارزانی رایگەیان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3500 خوشکی ئێزدی لە دەستی تاوانبارانی داعش رزگار کراون، بەڵام زیاتر لە 2700 کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین و پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئارام هەیە.
سەرۆکوەزیران داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، بۆ ئەوەی رەوشی ئەمنی و ئیداریی ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکی شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە. لە هەمان کاتدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکار بن لە دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش تاوەکو بگەنە سزای رەوای خۆیان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە كاتی خۆیدا لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتیش لەگەڵ (یونیتاد) كە دادگایەكی تاوان لە دژی داعش دروست بكرێت بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم تاوانانەیان لە دژی خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی ئەنجام دا، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی پێشوو هاریكار نەبوو. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ڕۆژێك ئەم دادگایە دابمەزرێت و هەر كەسێك دەستی لەم تاوانە هەبێت، بە سزای خۆی بگات.
مەسرور بارزانی جەختی لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، دەروونی و زەمالەی خوێندن بۆ رزگاربووان کردەوە و دووپاتی کردەوە کە تیرۆر دژی مرۆڤایەتییە و نە دین دەناسێت و نە نەتەوە، تەنیا بە دادپەروەری و رێزگرتن لە مافی تەواوی پێکهاتەکان دەتوانرێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە عێراقدا بکرێت.
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئامادەبوانی هێژا و قەدرگران
هەمووتان بەخێر بێن، سەرسەر و سەرچاوان
سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە هەمووتان دەكەم بۆ ئەم بۆنە گرنگە، سوپاسی ئامادەبوونی میرحازم تەحسین بەگ، جەنابی بابەشێخ، جەنابی پاتریارك، نوێنەری بەڕێز زەیدی، جەنابی دكتۆر فوئاد، كونسوڵ و هەموو ئامادەبووانی هێژا دەكەم بۆ ئەم بۆنەیە.
ئەمڕۆ ئێمە یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی خوشك و برایانی خۆمانی ئێزدی دەكەین، كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، مەزنترین تاوان دەرهەق بە خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی كران كە ناخی هەموو مرۆڤێكی نەك بە تەنیا لە كوردستان، بەڵكوو لە دەرەوەی كوردستان و هەموو جیهان هەژاند. بەڵام ئەو ڕۆژەی ئەو تاوانە كرا، جەنابی سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە پێویستە ئێمە تۆڵەی ئەمە بكەینەوە و پێویستە ئێمە شنگال جارێكی دیكە لە دەست ئەو تیرۆریست و غەدارانە ئازاد بكەین. پاش سەد ڕۆژ لەو بەڵێنە، من لە خزمەت جەنابی سەرۆكدا بووم و ئێمە گەیشتینە سەری چیای شنگال، چیای شنگال و شنگال و هەموو دەڤەر رزگار كران لەدەست ئەو تاوانبارانە.
بە سەدان پێشمەرگە خوێنی خۆیان كردە قوربانی. من شاهێدی قوربانیدانی ئەو پێشمەرگانە بووم بۆ ئەوەی شەرەف و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی بپارێزرێ و تۆڵە لەو دوژمنە تیرۆریستانە بكرێتەوە. بە سەربڵندییەوە ئێمە لە خزمەتی جەنابی سەرۆك گەیشتینە شنگال و ئەم دەڤەرە بە شێوەیەكی گشتی ڕزگار كرا، بەڵام ئەم تاوانە لەبیر نەكرا. بە هەزاران خوشك و برای ئێمەی ئێزدی بوونە قوربانیی ئەم جینۆسایدە، گەلێك ڕفێنران و گەلێكیش كۆمەڵكوژ كران. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەت بەردەوام بوون بۆ ئەوەی بگەڕێن بۆ دیتنەوەی ئەو قوربانییانە و تا ئێستا زیاتر لە 3500 خوشكی ئێمە دیتراونەتەوە و رزگار كراون لە دەست ئەو تاوانبارانە، بەڵام زیاتر لە 2700 كەسی دیكەش هێشتا ماون و نەدۆزراونەتەوە. هیوای ئێمە ئەوەیە هەر كەسێك بیەوێت هاوكاریی ئێمە بكات، پێكڕا ئێمە بتوانێت ئەو كەسانە بدۆزینەوە و رزگار بكەین.
جێی خۆیەتی سوپاسی هاوپەیمانان بكەم بۆ ئەو هاریكاری و پشتیوانییەی ئەوان كردیان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و هاریكاریكردنی ئێمە بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر خزمەتی خوشك و برایانی خۆمانی ئێزدی بكەین، ئەوانەی ئاوارە كران و جێی خۆیان بەجێ هێشت و هاتنە كوردستان و گەلێكیشیان ڕوویان كردە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و گەیشتنە وڵاتانی دەرەوە و ئەورووپا.
هەموویان دەرگەی خۆیان بۆ ئەو خوشك و برایانە كردەوە، بەڵام هیچ جێیەك نابێتە ماڵی مرۆڤ و چ جێ نابنە واری مرۆڤ، بەڵام لە جێی خۆیەتی كە سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەتانە بكەم كە هاریكاریی ئێمەیان كرد، هەموو رێكخراوە ناحكوومییەكان بكەم كە هاریكاریی ئێمەیان كرد، بە تایبەتیش سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە هەموویان دەرگەی خۆیان بۆ ئەو خوشك و برایانە كردەوە.
بە داخەوە هێشتا زیاتر لە 20 هەزار ماڵی ئاوارەی ئێزدی لە كەمپاندا دەژین، هەرچەندە مرۆڤ لە وڵاتی خۆیدا ئاوارە نییە، بەڵام كاتێك مرۆڤ لەسەر ماڵ و حاڵی خۆی هەستا، بێگومان ژیانی مرۆڤ بە زەحمەتتر دەكەوێت. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئێمە ڕۆژێك بتوانین ئەوانە بە سەربڵندی بگەڕێنینەوە بۆ جێی خۆیان بۆ شنگال و بۆ هەموو ئەو گوند و دەڤەرانەی كە ناچار بوون كۆچی لێ بكەن.
سوپاسی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقیش دەكەین بۆ هاریكاریكردنیان لە دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، بۆ هاریكاریكردنیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی ڕوفاتی ئەوانە بۆ زێدی خۆیان. بەڵام ئێمە هێشتا داواكاریمان هەیە. داواكاریمان ئەوەیە كە حكوومەتی فیدرالی هاریكار بێت بۆ ئەوەی شنگال جارێكی دیكە دۆخەكەی ئاسایی ببێتەوە، خەڵكی شنگال بە سەربڵندی بگەڕێنەوە بۆ جێی خۆیان، ئەمنیەت و ئاسایش و بەڕێوەبردنی ئیدارەش شنگالیش بۆ خەڵكی شگال بگەڕێتەوە. ئێمە ئەو داخوازییەمان لە حكوومەتی فیدرالی هەیە و حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هەم شنگال و هەم دەوروبەری شنگال ئاوەدان بكرێن.
ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە كاتی خۆیدا لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتیش لەگەڵ (یونیتاد) كە دادگایەكی تاوان لە دژی داعش دروست بكرێت بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم تاوانانەیان لە دژی خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی ئەنجام دا، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی پێشوو هاریكار نەبوو. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ڕۆژێك ئەم دادگایە دابمەزرێت و هەر كەسێك دەستی لەم تاوانە هەبێت، بە سزای خۆی بگات.
داوای ئێمە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە هاوكار بن هێندەی مومكین بێت بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری قوربانییانی دەستی تیرۆر بە تایبەت خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی. ئەوەی لە دەست ئێمە هات، كردمان و بەردەوامیش بووین. بە تایبەتی ئەو خوشك و برایانەی رزگار كراون، ئەو خوشكانەی دۆزراونەتەوە و ڕزگار كراون، ئێمە بە ناوی حكوومەتی هەرێم دەرماڵەیەكمان بۆ تەرخان كردوون تاوەكوو بەشێك لە ئێش و ئازاری ئەوان كەم بكرێتەوە، هەرچەندە ئەوە هیچ نییە دەرهەق بەو هەموو خەسارەت و غەدر و زوڵمەی كە بەرامبەر ئەوان كراون، بەڵام ئەوەندەی لە دەستمان بێت، ئێمە ئامادەین و بەردەوامیش دەبین.
ئەو قوتابییانەی لە زانكۆكان ویستوویانە بەردەوام بن لە خوێندن، ئێمە زەمالەی خوێندنمان بۆ دەستنیشان كردوون و پێمان داون، زۆر لەوان لە زانكۆكان دەرچوون و ئێستا جێی ئەوانیش دیارە.
جارێكی دیكە دەڵێم پێویستە ئێمە پێكڕا كارێكی وا بكەین كە ئەم تاوانانە دووبارە نەبنەوە، نە بەرامبەر خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی، نە دەرهەق بە خوشك و برایانی ئێمەی كریستیان، نە دەرهەق خوشك و برایانی ئێمەی موسوڵمان، تیرۆر نە دین دەناسێت و نە نەتەوە دەناسێت، تیرۆر دژ بە مرۆڤایەتییە. لەبەر ئەوە هاریكاری و پشتیوانیی هەمووان پێویستە و ئێمە پێكڕا كار بكەین بۆ ئەوەی جارێكی تر تیرۆر لە عێراق سەر هەڵنەداتەوە و یەكێك لەو ڕێگایانەی كە وا دەكات ڕێگریی لە سەرهەڵدانی تیرۆر بكات، ئەوەیە كە دادپەروەری هەبێت، یەكسانی هەبێت، ڕێز لە مافی هەموو ئایین و نەتەوەیەك بگیرێت. ئێمە وەك حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبین لەگەڵ هەموو دۆستانی خۆمان كار بكەین، بە تایبەتی لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرالیش تاوەكوو جارێكی تر توندوتیژی نەگەڕێتەوە ئەم وڵاتە. میللەتی ئێمە ماندوو بووە، ئێمە پێویستیمان بە پشوودان هەیە، پێویستیمان بە پێشوەچوونە، پێویستیمان بەوەیە كە منداڵەكانی ئێمە دڵنیا بن لەوەی داهاتوویەكی گەشتر چاوەڕێی ئەوانە. ترسی كوشتن و گرتن و رفاندن نابێ چیتر لە وڵاتی ئێمە بمێنێت. داوا لە هەموو دۆستانی خۆمان دەكەین، دەستی خۆیان بدەنە دەستمان بۆ ئەوەی هاریكار بین و كۆتایی بەم مەترسییە بهێنین و كۆتایی بەم تاوانانە بهێنین.
جارێكی دیكە داوا لە حكوومەتی فیدرالی دەكەم، هاریكار بن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال تاوەكوو هەم خەڵكی ئێمە بە سەربڵندی بگەڕێتەوە باژێڕ و گوندەكانی خۆیان، هەم خەڵكی ئێمە بە سەربڵندی بگەڕێتەوە شار و گوندەكانی خۆیان، هەم ژیانی ئەوان تەئمین بكرێت و قەرەبووی ئەو هەموو تاوان و ناهەقییە بكرێتەوە كە دەرهەق بەو خەڵكە كران.
سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە دەكەم. بیرهێنانەوەی ئەم تاوانە و ئەم جینۆسایدە، نابێت تەنیا ڕێورەسمێک بێت بۆ رۆژێك، بەڵكوو پێویستە ئەمە سۆزێك بێت بۆ ئەوەی ئێمە هەموو پێكڕا خەبات بكەین و تێبكۆشین، پێكڕا كار بكەین تا كۆتایی بەو نەهامەتییانە بهێنین و ژیانێكی سەربەرز بۆ هەموو خوشك و برایانی ئێمەی ئێزدی و هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق بگەڕێنینەوە.
هەر سەربڵند و سەرفراز بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.