لە نێوان ئاشتی و فریوداندا؛ ئۆجەلان جارێکی تر داوای کار بۆ “کۆماری تورکیا” دەکات

ئۆجەلان: “دەبێ بە ڕۆحیەتی دامەزراندنی کۆماری تورکیا کار بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک بکەین”.!
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە دوێنێ لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبۆوە، دان بەوەدا دەنێت کە ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی دژی گەلی کورد و دۆزی کوردانە و دەڵێ: “دەبێ بە ڕۆحیەتی دامەزراندنی کۆماری تورکیا کار بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک بکەین”.!
شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە دوێنێ بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە کۆبووەوە، ئەم ڕاگەیاندراوەی بڵاو کردۆتەوە:
“وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە 2ـی تەباخی 2026دا، دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئێستا، ئەو کارانەی دەکرێن و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی بۆ داهاتوو کرد. ئەو پەیامانەی دایە شاندەکەمان کە دەیویست لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەشی بکەین”.
بە گوێرەی شاندی ئیمرالی، پەیامەکانی ئۆجەلان بەم شێوەیە بوون:
“رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەستپێدەکات”.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە یاسای چوارچێوە دەڵێ: “لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی مێژوویی دەنێین. ئێمە لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراسیکردنداین کە کەمتر نییە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار. رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەستپێدەکات”.
“هەروەکو چۆن لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا رەنج و قوربانیدانێکی گەورە درا، ئێستاش بۆ کۆماری دیموکراسی پێویستە بە هەمان جدییەت کاربکرێت”.
ئەم هەڵسەنگاندنەی ئۆجەلان، دانپێدانانێکی ئاشکرا و کراوەیە کە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی “پرۆسەی ئاشتی”یەوە کە دەوڵەتی تورک بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات و لە ئەسڵی خۆیدا “پرۆسەی فریودانی گەلی کوردە”، هیچ شتێکی بۆ نەتەوەی کورد تێدا نیە و ئەوەی هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ئۆجەلان کردوویەتی، هەمووی لە پێناو کۆماری تورکیا و تواندنەوە و ئاسمیلەکردنی کورداندا بووە.
ئۆجەلان بەمشێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات:
“هێشتا هەموو شتێک چارەسەرنەکراوە. بەڵام دۆخێکی وەهاش نییە کە مرۆڤ بە شێوازێکی نەرێنی لێی بڕوانێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەدروستی لەم هەنگاوە تێبگەین و هەموو کەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەڵسوکەوت بکات”.
ئەم قسانەی ئۆجەلان بەو واتایە دێن کە دەبێ هەموو کەس پێڤاژۆی ساختە و یاسای چوارچێوە قبوول بکات، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ دەسکەوت و گەرەنتییەکی بۆ کورد و کوردستان تێدا نییە. ئۆجەلان بە عالەم ئاشکرا دەڵێ ئێمە هێشتا هیچ شتێکمان نەکردووە و بۆ کۆماری دیموکراتیک هێشتا لە یەکەم هەنگاوی ڕێگایەکین کە مەوداکەی هەزار کیلۆمەترە و دەبێ کورد لە فرۆشتنی دۆزی ڕەوای گەلەکەیان لەلایەن منەوە، بە هەڵە تێنەگەن.!