ئاک پارتی پێشوازیی لە هەڵوەشانەوەی هەسەدە دەکات

ئاک پارتی پێشوازیی لە هەڵوەشانەوەی هەسەدە دەکات

ئاکپارتی: “ئامانجەکانمان بۆ ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ و ‘ناوچەیەکی بێ تیرۆر’، نوێنەرایەتیی ئیرادەیەک دەکەن کە ئەو پیلانانە پووچەڵدەکاتەوە کە دەیانەوێت جوگرافیای ئێمە پارچەبکەن”.

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، تورکیا بەردەوام پشتگیری لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: “پێویستە سووریا بە یەکپارچەیی بەرەو ئایندە هەنگاوبنێت.”

عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا و هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای ئدیموکراتیک (هەسەدە) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەختترین قۆناخەکانی جەنگی سووریادا، تێکۆشاوە بۆ پاراستنی سوورییەکان لە “تیرۆر و هێرشە ئیمپریالیستییەکان.”

چەلیک تیشکی خستەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رایگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە، قۆناخێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی ناوخۆیی سووریا تێپەڕێنرا.

هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەربڕی و گوتی: “هەنگاوە گشتگیرەکانی ئیدارەی شەرع، دەبنە هۆی ئەوەی سووریا لە تاریکییەکانی رابردوو رزگاریبێت و بەرەو داهاتوویەکی پتەو هەنگاوبنێت.”

گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لە ستراتیژیی وڵاتەکەی کرد بۆ ناوچەکە و گوتی: “ئامانجەکانمان بۆ ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ و ‘ناوچەیەکی بێ تیرۆر’، نوێنەرایەتیی ئیرادەیەک دەکەن کە پیلانی ئەو لایەنانە پووچەڵدەکاتەوە کە دەیانەوێت جوگرافیای ئێمە پارچەبکەن و تاڵانیبکەن.”

رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند کە هەسەدەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بەتەواوی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بووە.

ئەم هەنگاوەی هەسەدە لەکاتێکدایە کە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا چووەتە قۆناخێکی یاسایی و پرسی چەکدانان و چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595، “یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی” تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، دیاریکراوە.

Share