موستەشار عەبدی: لێکۆڵینەوەی شەفاف لەسەر ڕووداوەکەی زیندانی کۆبانێ دەستیپێکردووە

مەزڵووم عەبدی: “بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە، پێویستە ڕۆڵی دامودەزگا قەزایی و ئەمنییەکان پتەوتر بکرێت”.
مەزڵووم عەبدی، موستەشاری سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ کاروباری کورد ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی گشتی و شەفاف بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی ڕووداوەکەی زیندانی کۆبانێ دەستیپێکردووە و ئەنجامەکانیشی بە تەواوی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
مەزڵووم عەبدی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە زیندانی کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: “بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی شەهیدبوونی 9 قوربانیی کۆبانێ ڕادەگەیەنم کە لە ڕووداوی ئاڵۆزییەکانی زیندانی شارەکەدا گیانیان لەدەستدا. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکارەکانیان و سەرجەم خەڵکی کۆبانێ دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم”.
سەبارەت بە ڕێوشوێنە یاساییەکان، عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و شەفافیان دەستیپێکردووە و گوتیشی: “بەمەبەستی لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە کەمتەرخەم و بێباک بوون لەم ڕووداوەدا، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی شەفاف بە ڕای گشتی دەگەیەنرێت”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردۆتەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە، پێویستە ڕۆڵی دامودەزگا قەزایی و ئەمنییەکان پتەوتر بکرێت و وتی:”پێویستە هەماهەنگی نێوان دامودەزگا دادوەری و ئەمنییەکان بەهێز بکرێت بە شێوەیەک کە سەروەری یاسا مسۆگەر بکات، مافی هاووڵاتیانی مەدەنی و زیندانیان بپارێزێت و هەروەها ئاسایش و سەقامگیری شاری کۆبانێ بپارێزێت”.
چی ڕوویدابوو؟
چەخماخەی سەرەکی ئەم گرژییانە لە شەوی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 لێدرا کاتێک کە گەنجێکی کورد بە ناوی سیپان حزنی (ئەندامی لیوایەکی سوپای سووریا و شەڕڤانی پێشووی هەسەدە) لە لایەن چەند کەسێکی عەرەبەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا و سەری بڕدرا؛ دواتر تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
شەهیدکردنی سیپان حزنی بووە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە کۆبانێ، قامشلۆ و زۆربەی شارەکانی دیکەی رۆژئاڤای کوردستان.
لە شاری کۆبانێ، هێزە ئەمنییەکانی هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادان.دوابەدوای ئەوە:
ـ قەدەخەی هاتوچۆ بۆ چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە لە کۆبانێ راگەیەندرا.
ـ هێزێکی گەورەی ئەمنی ڕێژیمی سووریا رەوانەی نێو شارەکە کرا.
ـ دەستکرا بە دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازی و خستنە نێو گرتووخانەوە.
ئەنجامی تێکچوونی دۆخی نێو زیندانەکەدا، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئاگری لە دۆشەکەکەی بەردا. ئاگرەکە بە خێرایی بە نێو تەواوی باڵەخانەکەدا تەشەنەی سەند و بەشێکی زۆری بیناکەی سووتاند. لە ئەنجامی تەواوی ئەو گرژییانەی شاری کۆبانێ و کەوتنەوەی ئاگرەکە لەنێو گرتووخانەکەدا، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.