محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ENKS تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان.
دەستەی یاسایی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنەکەسە لە نووسینگەی پەدەکە-سە لە قامیشلۆ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەم دواییەی شاندەکەیان لە دیمەشق کرا و هەنگاوی یاسایی نوێ دەستنیشان کرا.
بڕیاری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە مەلەفی مێژوویی “ پشتێنەی عەرەبی” و جێبەجێکردنی ستانداردەکانی دادپەروەری ئینتقالی. لە هەمان کاتدا باس لە ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کورد لە مەجلیسی گەلی سووریا و میکانیزمی کارەکانیان بۆ پاراستنی مافە نەتەوەییەکان کرا. ENKS بڕیاریدا بە مەبەستی پەرەپێدان بە پڕۆژەیەکی دەستووری هاوبەش لە داهاتوودا، وۆرک شۆپی یاسایی ئەنجام بدات.
لای خۆیەوە محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ENKS تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە هەوڵە سیاسی و یاساییەکان بە هەماهەنگییەکی نزیک و بەهێز لەگەڵ داخوازی و هەستیارییەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەدا ئەنجام بدرێت.