ئیلهام ئەحمەد لە دیداری میری: تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سووریا ئارامیی هێناوە بەڵام ڕۆڵی ژنان کەم بۆتەوە

ئیلهام ئەحمەد لە دیداری میری: تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سووریا ئارامیی هێناوە بەڵام ڕۆڵی ژنان کەم بۆتەوە

ئیلهام ئەحمەد دەڵێ یەکگرتن و تێکەڵکردنی هەسەدە لە ناو سوپای سووریادا گۆڕانکارییەکی گشتی لە گۆڕەپانی ئەو وڵاتەدا دروستکردووە و ئەو گۆڕانکارییانەی بە “شۆڕشێک” وەسفکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەراوێزی یەکەمین رۆژی کارەکانی “دیداری مێری” لە شاری هەولێر، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سووریا و هاوسەرۆکی پێشووی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، پوختەیەک لە قۆناخی نوێی سیاسی و ئاسایشی سووریای خستە روو.

ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە سوپای سووریا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر سەقامگیری، هەروەها باسی لە رەوشی مافەکانی کورد و کەمبوونەوەی رۆڵی ژنانی کرد لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

ئەو، ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی یەکگرتن و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و گرووپەکانی دیکە لە ناو سوپای سووریادا گۆڕانکارییەکی گشتی لە گۆڕەپانی ئەو وڵاتەدا دروستکردووە. هەروەها گۆڕانکارییانەی بە “شۆڕشێک” وەسفکرد و پێی وابوو هێشتا لە قۆناخی تەواوبووندایە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تەواوی سووریا لە قۆناخی بنیادنانەوەدایە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پێشووی رۆژئاوای کوردستان، ئەو پرۆسەیە بە رێژەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە و یارمەتیدەر بووە لە چەسپاندنی جۆرێک لە سەقامگیری و کردنەوەی شارەکانی سووریا بەڕووی یەکتردا، لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و رەخساندنی دەرفەت بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییان.

سەبارەت بە پرسی ئافرەتان و بەشداریکردنیان لە کایەکانی ژیاندا، ئیلهام ئەحمەد بەراوردێکی لە نێوان ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دۆخی ئێستادا کرد و باسی لەوە کرد، “ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆسەر هێشتا لە هزری دانیشتووانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تەواوی سوورییەکاندا ماوە. ئەو ئەزموونە نموونەیەکی زۆر ئەرێنی بوو بۆ بەشداریی ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و ئابووری و گشتیدا، بەڵام دوای تێکەڵکردنی هێزەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، پاشەکشەیەک لە رۆڵی ئافرەتاندا دەبینرێت. ئەمەش بە بەربەستێکی گەورە بۆ بەشداریکردنیان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دادەنرێت”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی کورد لەم قۆناخە نوێیەدا و باسی لە دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی سووریا کرد. روونیکردەوە، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی سووریادا بە فەرمی دان بە بوونی گەلی کورد و زمان و کولتوورەکەیاندا نراوە و وەک بەشێکی سەرەکی و رەسەنی کۆمەڵگەی سووریا ناسێنراون.

لەگەڵ ئەوەشدا، رەخنەی لە شێوازی جێبەجێکردنی مەرسوومەکە گرت و ئاماژەی بەوە دا، “مەرسوومەکە دەستکەوتێکی گەورەیە؛ بەڵام لە رووی جێبەجێکردنەوە تا رادەیەک کەموکوڕی تێدایە، بەتایبەتی لە بواری مافی فێربوون و خوێندن بە زمانی کوردی چوارچێوەیەکی ناتەواوە و پێویستی بە میکانیزمی روون هەیە بۆ جێبەجێکردنی لە راستییدا”.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، حکوومەتی سووریا بەرپرسیارە لە دانانی میکانیزمی روون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و چەسپاندنی شەفافییەت و سەقامگیریی ئابووری. باسی لەوەش کرد، ناڕوونی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە پشێوی. هاوکات هۆشداریی دا لەو گرژییە ئەمنییانەی جارجارە دروستدەبن و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ بوونی بیری دەمارگیری و رەگەزپەرستی لەناو کۆمەڵگە و هەندێک رەوتدا، هەروەها دەستوەردانی دەرەکیی هەرێمیی هۆکارێکی دیکەیە بۆ لێدان لە سەقامگیری و داخستنی دەرگا لەبەردەم لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی سووریا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد ئەوەی خستەروو، پرۆسەی یەکگرتنەکە دەستکەوتی گرنگی بۆ گەلی سووریا هەبووە، بەڵام هێشتا لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام و پێداگری هەیە لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمی دروست بۆ هاتنەدی سەقامگیرییەکی راستەقینە.

 دیداری مێری، کە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە؛ کۆنفرانسێکی ساڵانەیە و لەلایەن ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە هەولێر ساز دەکرێت. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە، سیاسەتمەدار، بڕیاربەدەستان و ئەکادیمییەکان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەنووکەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.