ئانادۆڵ: “پەکەکە بارەگاکانی ‘خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن’ی لە ناوچەی باز لە مەتینا چۆڵکردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پەکەکەی هەڵوەشاوە لە دەڤەری باز لە چیای مەتینا، 4 بارەگای خۆی بەتەواوی چۆڵ کردووە کە لە ئەشکەوت و توونێلی شەڕ پێکدێن.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا قسەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆلی دەوڵەتی تورک کردووە و زانیاری نوێیان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێداوە.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە مەترسیی پێکدادانیان لەسەرە، پەکەکە لە ڕێکەوتی 8 تشرینی یەکەمی 2026دا چوار بارەگای خۆی چۆڵکردووە.
4 بارەگای سەرەکی چۆڵکران
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئەو سەرچاوە ئەمنییانە بە ئانادۆڵیان داوە، پەکەکە بارەگاکانی “خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن”ی لە ناوچەی باز لە مەتینا چۆڵکردووە.
شایانی باسە، پەکەکە ڕۆژی پێنجشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026) ڕاگەیەندراوێکی لەژێر ناوی بەرێوەبەریی تەڤگەردا بڵاوکردەوە.
پەکەکە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەموو هێزەکانیان لە تورکیا کشاندووەتەوە.
هەروەها پەکەکە ڕایگەیاندبوو کە تونێل و سەنگەرەکانیان لە زاپ و مەتینا (هەرێمی کوردستان) چۆڵ کردووە و هیچ مەترسییەکی شەڕیان بۆ سەر تورکیا نەهێشتووە.