یەبەشە: دەبینە بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و بەرگریی عێراق

یەبەشە: دەبینە بەشێک لە سیستەمی ئەمنی و بەرگریی عێراق

وتەبێژی یەبەشە: ئەم هەنگاوە لە خزمەتی سەروەریی عێراقدایە.

گوتەبێژی یەبەشە ئاشکرای دەکات، بە مەبەستی چوونە ناو سیستەمی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و گەیشتوونەتە چەند لێکتێگەیشتنێک.

هادی ئەلیاس، گوتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، ئاشکرای کرد، لە مانگی شوباتی رابردووەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی حکوومەتی عێراق دەستی پێکردووە، کــــــــە مەبەست لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی باش بۆ رێکخستن و چوونە ناو سیستەمی دەوڵەتی عێراق.

هادی ئەلیاس ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە لە خزمەتی سەروەریی عێراقدایە و پرسی ئەمنی و رێکخستنی فەرمی، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ پاراستنی ناسنامە و دەستکەوتەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.

گوتەبێژی یەبەشە جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی شنگال تەنیا لە رەهەندی ئەمنیدا کورت نابنەوە، بەڵکوو پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان و رفێندراوانی دەستی داعش بابەتی بنەڕەتین و پێویستیان بە چارەسەری یاسایی و فەرمی هەیە. هەروەها روونی کردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لە چەندین خاڵدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هادی ئەلیاس باسی لەوە کرد، درێژەکێشانی پڕۆسەی رێککەوتنەکە کارێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی بابەتەکە پەیوەستە بە داهاتووی کۆمەڵگە، جوگرافیا، مافی ژنان و دەزگا ئەمنییەکان. هاوکات هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پڕۆسەیە لە خزمەت سەقامگیری و سەروەریی عێراق و کۆمەڵگەی ئێزدیدا ئەنجامی ئەرێنی هەبێت.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێکی چەکداری ئێزدییەکانە لە ناوچەی شنگال، لە دوای هێرشەکانی رێکخراوی داعش و کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 پێکهێنرا.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، هەولێر و بەغدا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆ کرد، تێیدا جەخت لەسەر دەرکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت و گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە لە ناوچەکە کرابووەوە. لە ماوەی رابردووشدا عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی پەکەکەی دەرکرد، ئەمەش وای کردووە یەبەشە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی گفتوگۆوە وەک هێزێکی فەرمی و یاسایی بخرێتە سەر دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکانی حکوومەتی عێراق و لە هەڕەشەکان پارێزراو بێت.