پەدەکە-ت: نابێ هەنگاوەکانی ئەنتەگراسیۆن لە ناوچەکە، ببێتە هۆی لەناوبردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد.
پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (پەدەکە-ت) کۆبەندی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی خۆی لە ئامەد، بڵاوکردەوە. پەدەکە-ت دەستنیشانی کردووە کە پرسی کورد تەنها بە چەکدانان چارەسەر ناکرێت و جەختی کردۆتەوە کە نابێ هەنگاوەکانی ئەنتەگراسیۆن لە ناوچەکە، ببێتە هۆی لەناوبردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد.
لە بەیاننامەی هەمەلایەنەی ئەنجوومەنی پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیادا هاتووە کە سەردەمی نوێ لەلایەکەوە دەرفەتی زۆر گرینگ و لەلایەکی دیکەوە مەترسیی زۆر جیدیی لەگەڵ خۆی هێناوە. پەدەکەتە سەرنجی خستۆتە سەر کۆبوونەوە و پێشهاتەکانی تورکیا، ڕۆژئاڤای کوردستان، عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆچوونە ستراتیژییەکانی خۆی لە 5 خاڵی سەرەکیدا ڕیز کردوون:
1ـ چەکدانانی پەکەکە و پرۆسەی سیاسیی نوێ
پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا، بڕیاری پەکەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکدارانە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها داماڵینی چەک، پرسی کورد چارەسەر ناکات. پەدەکە-ت جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەم پرۆسەیە پێویستە زەمینە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و داننان بە ناسنامە و زمانی کوردی لە پەروەردەدا و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم حیزبە کوردستانیەکان خۆش بکات.
2ـ ئەنتەگراسیۆنی هەسەدە لەگەڵ سووریا لە ڕۆژئاڤا
سەبارەت بە تێکەڵکردنی پێکهاتە سەربازی و ئیدارییەکانی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، پەدەکە-ت ڕایگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە تەنیا تێکەڵکردنێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو پێویستە مافە کولتوورییەکان و ئیرادەی سیاسی و دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەرییە خۆجێیە کوردییەکان لە دەستووردا بە فەرمی گەرەنتی بکرێن.
3ـ هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی ئەنتەگراسیۆن
پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە توندی دژایەتی خۆی لەگەڵ تەسفیەکردنی تاکلایەنە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەنتەگراسیۆن دەبێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هاوبەش و گەرەنتی یاسایی بێت. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بە پێکهاتەی دامودەزگاکان ناپێورێت، بەڵکوو بە ئاست و پێوەرەکانی پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد پێوانە دەکرێت.
4ـ پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی هێڵی سوورە. هەروەها سەرنج خراوەتە سەر گرنگی ئاسایش و ناسنامە و ئیرادەی گەلی ئێزدی لە شنگال و جەخت کراوەتەوە کە نابێت لەم ڕێککەوتنە سیاسیانەدا پشتگوێ بخرێن.
5ـ دیالۆگ و هاوپشتی نەتەوەیی
پەدەکە-ت داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکات، کە هیچ حیزبێک خۆی وەک تاکە نوێنەری گەلی کورد دانەنێت. لە بەشی کۆتایی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە لە بەرامبەر قەیران و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا، سیاسەتی کوردی زیاتر لە جاران پێویستی بە دیالۆگ و هاوکاری و عەقڵانیەتی هاوبەش هەیە.