تولای هاتیمۆغولاری: دەبێت تەجرید لەسەر ئیمرالی هەڵبگیرێت و ئۆجەلان ئازاد بکرێت

تولای هاتیمئۆغوڵاری: دەبێت تەجرید لەسەر ئیمرالی هەڵبگیرێت و ئۆجەلان ئازاد بکرێت

هاتیمۆغولاری: “ئێمە وەک دەم پارتی لایەنگری ئاشتییەکی شکۆمەندین لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک”.

تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا لێدوانی گرنگی دا. هاتیمۆغولاری ڕایگەیاند کە پرسی کورد واقیعێکە لە تورکیا و بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیک، داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە دەکات.

“ئاشتییەکی شەرەفمەندانە پێویستە”

هاتیمۆغلاری وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە کە باس لە نەبوونی پرسی کورد دەکەن و ڕایگەیاند کە ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیری ناوچەکەوە هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد:”من بەو کەسانە کە دەڵێن پرسی کورد بوونی نییە، دەڵێم: ئێمە بەجیددی جەخت لەوە دەکەینەوە کە لەم وڵاتە و لە ناوچەکەدا پرسی کورد بوونی هەیە. ئێمە وەک دەم پارتی لایەنگری ئاشتییەکی شکۆمەندین لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک، بۆ ئەمەش دەبێت دەستبەجێ تەجرید لەسەر ئیمرالی هەڵبگیرێت و ئۆجەلان ئازاد بکرێت”.

“زیندانییە سیاسییەکان ئازاد نەکراون”

لە درێژەی قسەکانیدا، هاتیمۆغولاری سەرنجی خستە سەر ساڵیادی ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکانی 4ی تشرینی دووەمی 2016 ڕاکێشا و سەرنجی بۆ مەلەفی دۆسیەی کۆبانێ ڕاکێشا. هاوسەرۆکی دەم پارتی (DEM) ڕەخنەی لە هەنگاونەنان بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR) گرت و ڕایگەیاند کە نوێنەرانی سیاسی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هێشتا وەک “بارمتەی سیاسی” لە زیندان ڕاگیراون. هەروەها ناڕەزایی خۆی لە سیاسەتەکانی دانانی قەییۆمەکان دەربڕی.

بانگەوازی بەپەلە بۆ یاسای چوارچێوە

تولای هاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوەدا کە پرسیاری ڕوون لە کۆمەڵگەدا هەیە سەبارەت بە پرۆسەکە و بەرپرسیارێتی ئەم پرسیارانەی بە دەسەڵاتدارانی تورکیا گەڕاندەوە: “ملیۆنان هاووڵاتی دەپرسن کەی یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گەڕانەوە و گەرەنتی چی دەبێت، ئەم پرسە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتە. دەبێت یاسای چوارچێوە بەبێ دواکەوتن دەستپێبکرێت. هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لە هاتنی ئاشتی لەسەر ئەم خاکە بکات”.

هەروەها دایکانی ئاشتی کە لە 24 شارەوە هاتبوونە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون. هاتیمۆغولاری ڕایگەیاند کە سەردانی زیندانەکانی ئەدیرنە و کاندرای دەکەن و هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تا هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد دەبن.