ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا و دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا و تێیدا ڤالا فەرید وەک سەرۆک، رامی نووری وەک جێگر و مونا قەهوەچی وەک سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4/11/2026، دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
1ـ ڤالا فەرید، بە 52 دەنگوەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
– ژیاننامە: لە ساڵی 1976 لە شاری هەولێر لە دایکبووە.
– خوێندن و زانست: خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتی و لە سەر ئاستی زانکۆی سەلاحەدین، خوێندکاری یەکەم بووە.
– ئەزموونی پیشەیی: پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندام و سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی بووە. هەروەها خاوەن چەندین توێژینەوەی زانستییە و ئەزموونێکی بەرفراوانی لە کاروباری یاسایی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمدا هەیە.
2ـ جێگری سەرۆکی پەرلەمان: ڕامی نووری
ڕامی نووری بە دەنگی 52 ئەندامی ئامادەبوو وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
– ژیاننامە: ناوی تەواوی “ڕامی نووری عۆدیش دانیال”ـە و لە ساڵی 1985 لە بەغدا لە دایکبووە و لە عەنکاوە نیشتەجێیە.
– ئەزموونی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی: پێشتر قایمقامی قەزای عەنکاو بووە. پارێزەر و نووسەر و چالاکی کۆمەڵایەتییە.
– زمان: جگە لە زمانی سریانی، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی قسە دەکات.
3ـ سکرتێری پەرلەمان: مونا قەهوەچی
ـ مونا قهوەچی بە 52 دەنگ بە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
– ژیاننامە: ناوی تەواوی “مونا نەبی نادر عەبدوڵڵا”یە؛ لە ساڵی 1978 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا.
– خەباتی سیاسی: ڕۆڵێکی گەورەی لە بزووتنەوەی سیاسی و ڕێکخستنی پێکهاتەی تورکماندا هەبووە وئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بووە.
– ئەزموونی پەرلەمانتاری: مونا قهوەچی مامۆستا و پارێزەر، لە هەردوو خولی چوارەم و پێنجەمدا وەک ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کاری کردووە.