گرووپێک لە گەڕەکی خوێرانی حەسەکەوە بەرەو ڕووی خۆپیشاندەران ڕۆیشتوون و بە بەرد لە خۆپیشاندەرانیان داوە.
لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەو خوێندکارە کوردانەی کە لە بەردەم بینای پارێزگادا بۆ مافی خوێندن بە زمانی دایکی گردبوونەوەیان ساز کردبوو و ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بە دار و بەرد هێرشیان کرایە سەر.
لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک خوێندکار بۆ ڕەتکردنەوەی سنووردارکردنی زمانی کوردی و داوای مافی خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان لە بەردەم بینای پارێزگای حەسەکە ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. بەڵام چالاکییەکە دەستوەردانی تێدا کرا و خۆپیشاندەران پەلامار دران و هێرشیان کرایە سەر.
ئەو خوێندکارانەی کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکەدا کردبوو، ڕایانگەیاندووە کە گرووپێک لە گەڕەکی خوێرانەوە بەرەو ڕوویان هاتوون و بەردیان لە خۆپیشاندەران داوە.
ئەم ناڕەزایەتییەی خوێندکاران لە چوارچێوەی شەپۆلێکی بەرفراوانی چالاکییەکاندایە کە لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕوویانداوە. چالاکوانان و خەڵکی ناوچەکە ئەو سنووردارکردنانە ڕەتدەکەنەوە کە بە سەر خوێندن بە زمانی کوردیدا سەپێندراوە.
پێشتر بە پێی بڕیارێکی حکومەتی دیمەشق، زمانی کوردی وەک “زمانێکی نیشتمانی” قبووڵ کرابوو و لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، لە هەفتەیەکدا تەنها 3 وانە (لەگەڵ وانەیەکی چالاکییەکان)ی بۆ تەرخان کرابوو.
بەڵام خوێندکاران و مامۆستایان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دانیشتوانی ناوچەکە ئەم بڕیارە بە هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی مەیدانی زمانی کوردی دەبینن و قبووڵی ناکەن. داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران ئەوەیە کە زمانی کوردی، زمانی فەرمی پەروەردە و خوێندن بێت.