پەکەکە لە وەسفی ئەو پۆلە گەریلایەدا دەڵێ: “ئەوان میلیتانی ئاپۆیی ئێمە بوون، کە خۆیان لە پێناو ئاپۆدا کردە قوربانی”.
ئەمڕۆ پەکەکەی هەڵوەشاوە، ناسنامەی 9 گەریلای دیکەی ئەو حیزبەی ئاشکرا کرد کە 12 ساڵ لەمەوبەر لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە تازە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/11/2026، پەکەکە ناسنامەی 9 گەریلای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2014دا گیانیان لەدەستداوە و تازە هەواڵەکەیان ڕادەگەیەنێت.
ئەو گەریلایانە لە کات و ساڵانی جیاوازدا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2026 لە ڕۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی ئاڤاشین، زاگرۆس، قەندیل و مەتینا، زاپ و گارە لە باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرشیان کراوەتە سەر و گیانیان لەدەستداوە.
ناوەکانیان بەم شێوەیەیە:
1ـ محەمەد مەعروف خەڵکی بۆکان.
2ـ زەهرا زوبەید خەڵکی سەڵماس.
3ـ سامان شەریف خەڵکی سنە.
4ـ ئارش یەدوڵڵا خەڵکی سنە.
5ـ سەرکەوت کەریم خەڵکی سنە.
6ـ خەبات غوڵام عەلی خەڵکی کامیاران.
7ـ ئارمین مەعروف خەڵکی سنە.
8ـ ئەدیب عەبدولباقی خەڵکی سنە.
9ـ مەشائەڵڵا موحمەدی خەڵکی سنە.
پەکەکە ناسنامەی ئەو گەنجانەی ڕاگەیاند و لە وەسفیاندا گوتوویەتی “ئەوان میلیتانی ئاپۆیی ئێمە بوون، کە خۆیان لە پێناو ئاپۆدا کردە قوربانی”.
پەکەکەی هەڵوەشاوە هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناسنامەی 179 شەهیدی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندبوو، موراد قەرەیلان لە بەریوەبەرانی پەکەکە گوتبووی: زانیارییەکانم درەنگ بەدەستمان دەگەیشت، ئێمە نەمانزانیبوو کە ئەو هەڤاڵانەمان لەدەستداون.!!