هاوسەرۆکی دەم پارتی: “پرۆسەی ئاشتی دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا و نابێت ئەم دەرفەتە لەکیس بدرێت”.
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیدا سەرنجی خستە سەر پێشهاتە سیاسییەکان و پڕۆسەی چارەسەری و ڕایگەیاند کە ئاشتی پرسێکی هاوبەشە بۆ هەموو تورکیا و داوای لە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆن کرد بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن.
باکرهان سەرەتای قسەکانی بە دەربڕینی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی تونجەر ساگلام یەکێک لەو زیندانییانەی کە توشبووی نەخۆشیی قورس بوو و بەم دواییە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو، هەروەها بۆ نەسرین ئاسلان ئەندامی ئەنجومەنی پارتەکەیان، دەستپێکرد. باکرهان سەرنجی بۆ بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکاندا ڕاکێشا و وتی: “داوا لە دەسەڵاتداران دەکەم؛ با ئەمە دوایین مردنی بەمشێوەیە بێت، بۆچی هێشتا زیندانییە نەخۆشەکان لە زیندانەکاندا دەهێڵرێنەوە؟ ئەم دۆخە متمانە بە پرۆسەکەدا لاواز دەکات”.
“نابێت بارگرانی پرۆسەکە بەتەنها لەسەر شانی کورد بێت”
باکرهان لە وتارەکەیدا جەختی لە گرنگی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی کردەوە و داوای لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد:
“ئەم پڕۆسەیە هی هەموومانە، ئەگەر سەرکەوتنەکەی ببێتە هۆی باشترکردنی ژیانی هەموومان، دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی هاوبەش لەسەر ئەم پرسە بگرینە ئەستۆ، لە کاتێکدا کە پرۆسەکە لە قۆناغێکی ئاوا گرینگدایە، هێشتا هەڵوێستێکی شایستەی گرنگییەکەی پیشان نەدراوە، ناکرێت بارگرانی ئەم پرۆسەیە تەنها لەسەر شانی کورد یان تەنها لەسەر حکومەت جێبهێڵرێت.”
جگە لەوەش، باکرهان ڕایگەیاند کە شەڕ و ململانێکان بارگرانییەکی قورسی خستۆتە سەر ئابووری و سیستەمی یاسایی تورکیا و پێویستە سەرچاوەکانی وڵات نەک بۆ شەڕ، بەڵکوو بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە خەرج بکرێت.
“دەبێت ڕوانگەی ئەمنی بگۆڕدرێت”
هاوسەرۆکی دەم پارتی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هەنگاوی کۆنکرێتی نەگیرێتەبەر، چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕدرێن و دەبنە نیگەرانی و وتی:”دەوڵەت دەبێت واز لە تێڕوانینی تەسکی ئەمنی بهێنێت، پرسی کورد و پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن، بەو مانایە نیە کە تەنها دۆسیەیەکی ئاسایش و ئەمنی بێت، ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا و نابێت ئەم دەرفەتە لەکیس بدرێت”.