”بەداخەوە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە نیقاش لەسەر ستاتۆی باشووری کوردستانیش سەریهەڵداوە، گەلەکەمان نیگەرانە لەوەی کێشەکانی نێوان هێزە کوردییەکان قووڵتر ببنەوە و ستاتۆی کورد لە باشوور لاواز ببێت”.
ئینسیتیافی یەکێتی دیموکراتیک سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاو کردەوە. دەستپێشخەرییەکە داوای لە هێزە سیاسییەکان و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە کردووە، کێشە ناوخۆییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە لەم کاتە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یەکڕیزیی نەتەوەیی مەرجێکی سەرەکییە.
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە گەلی کورد سەدان ساڵە باجی قورسی دابەشبوون و پارچەبوونی ناوخۆ دەدات. ئینسیتیافی یەکێتی دیموکراتیک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەزموونە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن کە بەبێ یەکڕیزی، کورد هەمیشە لەهەمبەر هێرشی دەرەکیدا بێ بەرگری و لاواز بووە.
مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان
لە بەیاننامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر قەوارەی باشووری کوردستان، کە بە تێچووی زۆرەوە بەدیهاتووە و تێیدا هاتووە:”بەداخەوە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە نیقاش لەسەر ستاتۆی باشووری کوردستانیش سەریهەڵداوە، گەلەکەمان نیگەرانە لەوەی کێشەکانی نێوان هێزە کوردییەکان قووڵتر ببنەوە و ستاتۆی کورد لە باشوور لاواز ببێت”.
هۆشداری مێژوویی: ئەمە کاتی بەرژەوەندی حزبی نییە
ئینسیتیافی یەکێتی دیموکراتیک وەبیری هێناوەتەوە کە لە کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە تا جینۆسایدی ئەنفال و شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1990، لێکەوتەکانی ناتەبایی هەمیشە قورس بووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی گرینگ و هەستیاردا تێدەپەڕێت، هێزە نێودەوڵەتییەکان حکوومەتە ناوەندییەکان بەهێز دەکەن و هێزەکانی ناوچەییەکانیش هاوپەیمانی نوێ لە دژی کورد پێکدەهێنن.
بۆیە ئینسیتیافی یەکێتی دیموکراتیک داوای لە سەرکردە و کارگێڕانی کورد کردووە وریا بن و دەشڵێت:”پێمان وایە هەردوو ھێزی کورد، یەنەکە و پەدەکە، دەتوانن بە دیالۆگ کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن. لەم بارودۆخە دژوارەدا، کاتی بەرژەوەندی تاکەکەسی یان حزبی نییە، بەڵکوو کاتی یەکڕیزییە بۆ ئەوەی کە گەلی کوردستان بپارێزرێن”.
بانگەواز بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە قەوارەی باشوور لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی هاوبەشەوە بەدەست هاتووە و نابێت ئەم ڕێککەوتنە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکوو پێویستە بە ئامانجی پتەوکردنی یەکڕیزی، نوێ بکرێتەوە.
ئینسیتیافی یەکێتی دیموکراتیک بەم شێوەیە کۆتایی بە ڕاگەیاندراوکەی هێناوە: “ئێمە پێمان وایە هێزە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان بەجێدەگەیەنن، بۆیە گەلی کوردستان دەیهەوێت هەڵەبجە دەستی دهۆک بگرێت و هەولێریش دەستی سلێمانی بگرێت بۆ ئەوەی هیچ هێزێکی دەرەکی نەتوانێت مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی دروست بکات”.