مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر دەکات

مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر دەکات

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەی هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو قوربانییانی لافاوەکەی شەوی رابردووی هەولێر کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی لافاوەکەی شەوی ڕابردووی شاری هەولێر، خوالێخۆشبووان محەممەد ڕەسوول و مستەفا سەرکەوت کرد و هاوخەمیی قووڵی خۆی پێگەیاندن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە هەردوو پرسەکەدا کرد و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆچکردووان کرد.

شەوی ڕابردوو لافاو زیانی بە ژمارەیەک گەڕەک و ماڵ و موڵکی شاری هەولێر گەیاندووە. چەندین تیمی فریاگوزاری و خۆبەخش بۆ یارمەتیدانی قوربانییەکان ئەرکدار کراون.

لە ڕۆژی پێنجشەممە 5/11/2026ـەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و شەوی شەممە 7ی مانگ، گەیشتە لووتکەی خۆی، بارانبارینی بەخوڕ لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ژمارەیەک گەڕەک و شەقامەکانی هەولێر، ئەمەش پەککەوتنی بەرچاوی بۆ هاتووچۆ و گواستنەوەی هاووڵاتیان دروستکرد.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەی هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان مستەفا تەمەنی 5 ساڵانە و ئەوی دیکەشیان خۆبەخشێکی تەمەن 25 ساڵان بوو و لەکاتی ڕزگارکردنی خەڵکدا گیانی لەدەستدا.

بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تیمەکانی شارەوانی بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان، پارێزگای هەولێر بڕیاریدا ڕۆژی یەکشەممە 8/11/2026، لەسەرجەم ناوەندەکانی پەروەردە، باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانکۆکان، پشووی فەرمی بێت. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تیمەکانی فریاکەوتن و قەیرانەکانی خستووەتە ئامادەباشی بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و کەمکردنەوەی زیانەکان.