ئەردۆغان: “بڕیارمان داوە کە ئەم پرۆسەیە سەربخەین، هیچ پاشەکشەیەک لە پرۆسەکەدا نیە و بێگومان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بە ئەنجامی دەگەیەنین”.
سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە هەنگاوی گرنگ بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال نراوە و زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی پەکەکە چوونەتە ڕیزی هێزە عێراقییەکانەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لە پرۆسەی ئاشتیدا نیە و بڕیاریاندا کە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجامی بگەیەنن.
دوێنێ 9ی تشرینی دووەمی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی، سەبارەت بە دۆخی دەڤەری شنگال لە باشووری کوردستان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی قسەی کرد.
ئەردۆغان لە قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی شەنگال وتی: لە شنگال بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت و چۆڵکردنی ئەشکەوتەکان، هەنگاوی بەنرخ و گرنگ نراوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە چوار هەزار گەریلای پەکەکە تێکەڵ بە هێزە فەرمییەکانی عێراق کراون و پەیوەندییان بە هێزە فەرمییەکانی عێراقەوە کردووە.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوە سیاسییە ناوخۆییەکانیش، سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک جەختی لە سەر ئیرادەی حکوومەتەکەی کردەوە و گوتی: “ئێمە بڕیارمان داوە کە ئەم پرۆسەیە سەربخەین، هیچ پاشەکشەیەک لە پرۆسەکەدا نیە و بێگومان ئێمە بە شیوەیەکی سەرکەوتووانە بە ئەنجامی دەگەیەنین”.