“هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان سیاسەتێکی نەتەوەیی کاریگەر بۆ گەیشتن بە مافە بەکۆمەڵەکانی کورد پەیڕەو دەکات”.
هاوپەیمانییەک بە ناوی “هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان” لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان دامەزرا و لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە. دامەزرێنەرانی هاوپەیمانییەکە ڕایانگەیاند، سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن و سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا کە ساڵانێکە لە دژی کورد پەیڕەو دەکرێن، ڕەتدەکەنەوە و هێڵێکی نەتەوەیی لە باکوری کوردستان دادەمەزرێنن و بۆ ئەو مەبەستەش میتۆدێکی نوێ و جیاوازیان لەپێش گرتووە.
لە ڕێکەوتی 7ی نۆڤەمبەردا، کۆنفرانسێک لە شاری ئامەد لە لایەن پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکانەوە سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامی ئەو کۆنفرانسە بڕیاردرا هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان دابمەزرێت. هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداریی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پێلکورد، پەدەکە باکوور، تەڤگەری ڤەژینی کوردستان و ئینسیاتیفی یەکێتی نەتەوەیی، دامەزراندنی هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان ڕاگەیەندرا و ئاماژە بەوە کرا کە سیاسەتی نەتەوەیی لە باکوری کوردستان لە ڕێگەی میتۆدێکی نوێوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند:”ئەمە برینێکی قووڵە، لە باکووری کوردستان ئەو هەوڵانەی کە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دراون، سەرکەوتوو نەبوون. ئێمە شێوازێکی نوێ و جیاواز دەگرینەبەر، بەرنامەیەکمان داناوە و هیوادارین ئەمجارە سەرکەوتوو بێت”.
هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان ئەنجومەنێکی بۆخۆی پێکهێناوە کە 51 کەس لەخۆی دەگرێت و ئاماژە بەوە کراوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و هەمەلایەنە دەست بە خەبات و تیکۆشانی خۆی لە باکوری کوردستان دەکات و سیاسەتێکی نەتەوەیی کاریگەر بۆ گەیشتن بە مافە بەکۆمەڵەکانی کورد پەیڕەو دەکات. هەروەها باس لەوە کراوە کە دۆخی باکوری کوردستان بۆ سیاسەتێکی جێگرەوەی نەتەوەیی گونجاوە.
چالاکوان نەجمەدین ڕوهایی دەڵێت: “لە باکووری کوردستان کەلێنێک لە نوێنەرایەتیکردنی سیاسەتی نەتەوەیی هەیە، کۆمەڵگەش ئەو بۆشاییە دەبینێت و داوای سیاسەتێکی نەتەوەیی دەکات، بۆیە ئێمە دەڵێین بەستێنەکە بۆ سیاسەتێکی نەتەوەیی، لەبار و گونجاوە”.