کۆمەڵەی نیشتمانپەروەرانی عەفرین: پێویستە ڕێز لە ئیرادەی گەلان بگیرێت و مافە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزرێت.
کۆمەڵێک لە نیشتمانپەروەرانی کورد لە هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەربارەی پێشهاتەکانی ئەم دوایییە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کۆمەڵەیە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهات و ئاستەنگەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان دەکات کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایش، بەرژەوەندی و داهاتووی خەڵکەکەی هەیە. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەڵوێستە دوورە لە هەر جۆرە لایەنگرییەکی حیزبی یان حیساباتێکی سیاسیی تەسک، بەڵکوو لە باوەڕێکی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە و لەسەر بنەمای پەیوەندییە مێژوویی، نەتەوەیی و مرۆیییەکان سەرچاوەی گرتووە کە کوردان لە هەموو ناوچەکاندا بەیەکەوە دەبەستنەوە.
کۆمەڵەی نیشتمانپەروەرانی عەفرین داوایان کردووە کە ڕێز لە ئیرادەی گەلان بگیرێت، مافە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزرێت و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا بەهێز بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ناوچەکە لە ئاڵۆزیی زیاتر بپارێزرێت، ئاسایشی هاووڵاتییانی سڤیل مسۆگەر بکرێت و چارەسەرە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بخرێنە پێش؛ چونکە ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری بنەمای داهاتوویەکی ئارامتر و گەشترن بۆ گەلانی ناوچەکە.