کورتوڵموش: ئامانج لەم پرۆسەیە ئەوەیە تورکیا خۆی لە مەترسی و گۆڕانکارییە جیهانییەکان بپارێزێت، یەکێتیی ناوخۆیی بەهێز بکات و کێشەی پەنجا ساڵەی تیرۆر بە تەواوی لە ڕۆژەڤی وڵات دەربهێنێت.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە میانی بەرنامەیەکدا لە شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە پرۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر»، کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێ کردووە، بە شێوەیەکی ئەرێنی بەردەوامە.
کورتوڵموش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ڕەوەندی تورک لە کەمپی سەرەکیی کۆلێژی زانست، کە لەلایەن ڕێکخراوی دیدگای نیشتمانیی کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئوسترالیا (IGMG)ـەوە ڕێکخرابوو، تیشکی خستە سەر پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم پرۆسەیە ئەوەیە تورکیا خۆی لە مەترسی و گۆڕانکارییە جیهانییەکان بپارێزێت، یەکێتیی ناوخۆیی بەهێز بکات و کێشەی پەنجا ساڵەی تیرۆر بە تەواوی لە ڕۆژەڤی وڵات دەربهێنێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕوونی کردەوە کە چۆن گەورەترین کێشەی سەدەی یەکەمی کۆمار، تیرۆر بووە بە هەمان شێوەش بنیاتنانی «تورکیای بێ تیرۆر» وەک گەورەترین پرۆژەی سەدەی دووەمی کۆمار سەیر دەکرێت.
کورتوڵموش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «ئەو پرۆسەیەی کە دوو ساڵە بەردەوامە، شوکر بۆ خوا بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی بەڕێوە دەچێت. لەگەڵ تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ئەم پرۆسەیەدا، ئێمە نەک هەر تورکیای بێ تیرۆر دەستەبەر دەکەین، بەڵکوو لەم دەرگا گەورەیەی کە کراوەتەوە، بە هەنگاوی زۆر خێرا بەرەو ئاشتی، برایەتی، یەکێتی و یەکگرتوویی هەنگاو دەنێین و چیتر تورکیا هەرگیز بە تیرۆر ناوی ناهێنرێت.»