بایک: پێویستە لە ناو بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا کۆبوونەوەیەک پێش بخرێت تا وەک هێزێک لە پێش سیستەمی سەرمایەداریدا بوەستێت.
لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پارتە سیاسییەکان، حکوومەت و شەقامی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی هەنگاو دەنێن. لە پەدەکەوە بگرە تا یەنەکە، لە گۆڕانەوە بگرە تا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمووان لە دژی بڕیارەکانی بەغدا بەرگری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن. لە (٢٦ـی تشرینی دووەم)دا، گەلی کوردستان لە زۆربەی ناوچەکان و بەتایبەت لە هەولێر، خۆپیشاندانی جەماوەریی «یان کوردستان یان نەمان»یان ساز کرد.
لە سەردەمێکی وەهادا، لێدوانەکانی جەمیل بایک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەی هەڵوەشاوە، سەرنجەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. بایک لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی «ستێرک تیڤی»ی سەر بە پەکەکە لە 24ی تشرینی دووەمدا، بانگەوازی «یەکێتیی دیموکراتیک»ـی لە نێوان کورداندا کرد، بەڵام هیچ ڕەخنەیەکی لە سیاسەتە داگیرکارییەکان نەگرت و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بڕیارانە نەکرد کە لە دژی هەرێمی کوردستان دەرکراون.
بایک گوتی: «ئێستا چیمان لە پێشە؟ بنیاتنانی یەکێتیی کوردمان لە پێشە. لە ناو گەلی کورددا یەکێتیی نەتەوەیی پێشکەوتووە، بەڵام بەربەستەکان زیاتر لە ناو هێز و پارتە سیاسییەکاندا هەن.» لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ وردەکارییەکی نەخستە ڕوو کە بۆ بەدیهێنانی ئەو یەکێتییە پێویستە چی بکرێت.
بانگەوازەکەی بایک بۆ یەکڕیزی لە هەمان کاتدا ئاراستە و ناونیشانێکی سیاسیشی هەیە. بایک ئاماژەی بەوە دا کە ئەم یەکێتییە دەبێتە بنەمای پەرەپێدانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتەکانی هەرێمی فیدراڵیی کوردستان لەپێناو پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکان لە دژی بەغدا ڕێپێوانی جەماوەری بەڕێوە دەبەن.
جەمیل بایک لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە دوا:
«ئێستا چی لە پێشمانە؟ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەپێدانی سیستەمی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە پێشمانە. ئەوەش تەنیا لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراتیکی کورد دەتوانێت پێش بکەوێت. کورد دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت و ببێتە بزوێنەری ئەم پرۆسەیە. بۆیە پێویستە ڕۆژێک زووتر یەکێتیی دیموکراتیک لە نێوان کورداندا بکرێتە بنەما. دەتوانن بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بۆ مرۆڤایەتی لەسەر ئەم بنەمایە جێبەجێ بکەن.
بابەتێکی دیکە پرسی بزووتنەوەی ئینتەرناسیۆنالە؛ بزووتنەوەی سۆسیالیزمی ئازادی و دیموکراسی هەیە. هەرچەندە کار لەسەر ئەم بنەمایە پێش بخرێت، هێشتا ئەو کارانە کەمن. لەبەر ئەوە پێویستە ئەم کارانە بەهێز بکەین و پەرەیان پێ بدەین؛ چونکە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هیچ بەربەستێک لە پێش خۆی نابینێت، بۆیە بە شێوەیەکی زۆر ئاسان هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک و گەلان و ئەمەش بۆ خۆی بە ماف دەبینێت. بۆچی؟ چونکە لە بەرانبەریاندا هێزێک نەماوە کە بەربەست لە پێشیاندا دروست بکات.
لەبەر ئەوە پێویستە لە ناو بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی ئازادی و دیموکراسیدا کۆبوونەوەیەک پێش بخرێت تا وەک هێزێک لە پێش سیستەمەکەدا بوەستێت؛ چونکە سیستەمەکە تەمەنی خۆی تەواو کردووە. ئەگەر هێشتا درێژە بە بوونی خۆی دەدات، لەسەر چ بنەمایەکە؟ لەسەر ئەو بنەمایەی کە هیچ هێزێک لە دژی نییە، درێژە بە بوونی خۆی دەدات. لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە بۆ مرۆڤایەتیش ئەرکەکانی خۆمان لەم ڕووەوە جێبەجێ بکەین.»