“سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک پەیجی سێبەر لەبارەی داخستنی دەروازەکەوە بڵاوکراونەتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، هاووڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگاداردەکاتەوە کە دەروازەکە بەتەواوی کراوەیە و هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێیدا بەردەوامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک پەیجی سێبەر لەبارەی داخستنی دەروازەکەوە بڵاوکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، هاووڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان ئاگاداردەکاتەوە کە دەروازەکە بەتەواوی کراوەیە و هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێیدا بەردەوامە و سەرجەم بنکە و بەشەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا دەبن.
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ هۆشداری دەدات کە هەر کەناڵ و پەیجێک زانیاریی نادروست بڵاوبکاتەوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
داواش لە گەشتیاران و بازرگانان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە راستی و دروستیی هەر هەواڵێک لەسەر دەروازەکە، تەنیا پشت بە پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ببەستن.