پەکەکە لەبەرچی بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای لەناوبرد؟

پەکەکە “جوان”ی کێشایەوە شاخ و بردیە ناوچەی “گارە”، دواتر لە دانیشتنی مەحفەلی خۆیاندا گوتیان فڕۆکە لێیداوەو لە ژیاندا نەماوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان سیاسەتێکی وەها رەچاو دەکات کە هەرکام لە کادیرە گرنگەکانی تایمێکی دیاریکراویان هەیە و پاش گەیشتنیان بە ئاستێکی دیاریکراو لەلایەن رێکخراوەکەوە تەسفیە دەکرێن و لەناو دەبرێن. لەم نووسینەدا نموونەیەک لەو سیاسەتی تەسفیە کردنەی پەکەکە باس دەکرێت کە بەرانبەر بە “جوان عەرەب”، بەڕیوەبەری گشتیی ئاسایشی رۆژئاوا گیرایە بەر.
“جوان عەرەب” بە چ شێوەیەک تەسفیە کرا؟
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە سەرچاوەکانی “دارکا مازی” لە رۆژئاوای کوردستان لە میانەی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە دەستیان کەوتووە، دەسبەکاربوونی ناوبراو وەکوو بەڕیوەبەری گشتیی ئاسایشی رۆژئاوا و سەرئەنجام سڕینەوەی لەلایەن پەکەکەوە بەمشێوەیە بووە.
لە پاسەوانی جەمیل باییکەوە بۆ بەڕیوەبردنی ئاسایشی گشتیی رۆژئاوا
جوان ئیبراهیم بە کۆدی رێکخراوەیی “جوان عەرەب”، پاش پەیوەست بوونی بە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ ماوەیەک لە چیا مایەوەو وەکوو پاسەوان و هەواڵگر لە چیا کاری کردووە. ئەو لە کەسە نزیکەکانی جەمیل باییک بوو بەڵام لەناو هەڤاڵەکانیدا زۆر ناسراو نەبوو.
پاش راپەڕینی رۆژئاوا، “جوان”یش وەکوو کادیرێکی ۆژئاوا و خەڵکی حەسەکە، دەگەڕێتەوە رۆژئاوا و پاش ماوەیەک لەلایەن پەکەکەوە وەکوو بەڕیوەبەری گشتیی ئاسایشی رۆژئاوا دیاری دەکرێت.
جوان لە رۆژئاوا زۆر کاری دژ بە رەخنەگرانی پەکەکە و لایەنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان وەکوو تەڤ ـ دەم ئەنجامدا. زۆربەی رەخنەگرانی پەکەکە بە فەرمانی “جوان” دەستگیر دەکران. “جوان عەرەب” لە بەرانبەر چارەنووسی سەرجەم ئەو کەسانەدا بەرپرسیارە کە لەلایەن ئاسایشی رۆژئاواوە دەستگیر و دواتر بێ سەروشوێن دەکران.
جوان گەیشتبووە ئاستێک کە ئیدی تەنازولی بۆ یەپەگە و بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاوا نەدەکرد

پەکەکە لەبەرچی بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای لەناوبرد؟
“جوان” لەناو ئاسایشی رۆژئاوادا پێگەیەکی ئەوەندە بەهێزی بەدەستهێنابوو کە ئیدی دەیتوانی لە بەرانبەر یەپەگەدا رابوەستێت و تەنازول بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاواش نەکات. ئەو دەستەیەکی بۆخۆی دروستکردبوو و بە هاوکاری ئەوان ئاسایشی بەتەواوی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
“جوان” کەسێکی خۆجێی هێنایە ناو ئاسایش و ئەو کەسە خۆی وەکوو “سەید” دەناساند. وەکوو زۆرێک لە کادیرەکانی دیکە خۆی بە موریدی جوان دەزانی. ئەو کەسە کە بە رێگای جوانەوە رێکخرابوو، پاش ماوەیەک لەلایەن سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل بە مەترسی دانرا. شێوەکاری پەکەکەش وایە کە هەرکەس لە ئاستێک زیاتر پێش بکەوێت، لەلایەن ئەو ریکخراوەو دەسڕێتەوە و لەناو دەبرێت.
پەکەکە بە بیانوی کۆبوونەوە و پەروەردە، “جوان عەرەب”ی کێشایە چیا و پاش کۆتایی خولی پەروەردەکە رێگایان پێ نەدا بگەڕیتەوە رۆژئاوا و بەپێی رێنماییەکانی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل، دەستێوەردان لە بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوادا کرا.
لە ئەنجامی ئەو تەداخولەدا پەکەکە لە کەسانی نزیکی جەمیل باییک، کادیرێک بەناوی “بژار” کە ماوەیەک پاسەوانی باییک بووە، وەکوو بەڕیوەبەری گشتیی ئاسایشی رۆژئاوا دەستنیشان کرد.
بە بڕیاری سەرکردایەتی پەکەکە سەرجەم کەسانی نزیک لە “جوان” زیندانی کران.
لە یەکەم قۆناخدا، “بژار” بە فەرمانی قەندیل، سەرجەم دەستەی بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی رۆژئاوا کە لەگەڵ “جوان” کاریان کردبوو، هەروەها موریدەکان بۆ نموونە کەسێک کە خۆی وەکوو “سەید” ناساندبوو، لەکار لادران و زیندانی کران.
لە بەڕیوەبەرانی ئاسایش لە سەردەمی “جوان عەرەب”، کەسانێک وەکوو “مەم” کە کادیرێکی دێرینە و هەروەها “کینە ئەم” کە ئەویش ماوەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوادا کاری کردبوو، کەوتنە ژێر لێکۆڵینەوەو زیندانی کران.
ئەو تەداخولە بەرچاوەی کە سەرکردایەتی پەکەکە لە بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوا ئەنجامیدا، کادیرەکانی رۆژئاوای وەدەنگ هێنا. “سابری ئۆک، بەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەروەها کۆمیتەی پەکەکە لە رۆژئاوا” نەیانتوانی گرفتەکا چارەسەر بکەن و کادیرە ناڕازیەکان ئیقناع بکەن. هەربۆیە “دۆران کاڵکان” بۆخۆی راستەوخۆ تەداخولی کرد و سەردانی رۆژئاوای کرد و لەگەڵ کادیرە ناڕازیەکان کۆبوونەوەی ئەنجامدا. پرۆسەی “پلاتفۆرم”ی کادیرەکانیان بەڕێوە برد و سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کادیرەکان دەستی پێکردەوە. هێندێک لە کادیرەکانیان دەسبەسەر کرد، هێندێکیان بردنەوە بۆ چیا و هێندێکیش سەر لەنوێ دەستبەکار بوونەوە.
بارودۆخەکە لەناو کادیرەکانی رۆژئاوادا گەیشتبووە ئاستێکی وەها کە کۆنترۆڵ کردنیان ئاستەم ببوو، هەربۆیەش کۆمیتەیەکی تایبەت بە ئیسراحەت کردنی کادیرەکان (شوێنی پێکەوەژیان) دامەزرا. لەبەر ئەوەی کادیرەکان لەگەل خەلکدا پەیوەندیەکانیان کەم بکرێنەوە، لە شوێنێک هاوبەشدا دەبوا بمیننەوەو پیکەوە بژین. هاوکات تەلەفۆنی پێشکەوتووشیان لێ وەرگیرایەوە تاوەکوو ئاگاداری دۆخی راستەقینەی جیهان نەبن و لە زۆر ئیمکاناتی دیکەی خۆشگوزەرانی بێبەری کران. ئامانجەکەش ئەوە بوو کە بەردەوام سەرقاڵی پەروەردەکانی پەکەکە بن و هەرکەس دژایەتیەکی لەگەڵ پەکەکە هەبێت پێویست بوو هاوژوورەکانی راپۆرتیان لەسەر دابایەت، بە کورتی لەسەر یەکتری سیخوڕییان دەکرد.
پەکەکە “جوان”ی کێشایە شاخ و لە پاییزی 2018دا لە دانیشتنێکی مەحفەلی خۆیاندا گوتبوویان بە دۆستەکانی بڵێن لە ناوچەی “گارە” بۆتە ئامانجی فرۆکەکانی تورکیا و لە ژیاندا نەماوە
پەکەکە پاش ئەو دەستێوەردانە، بۆ ماوەیەکی دوررودرێژ “جوان”ی لە چیا و لەناوچەی گارە راگرت و لە پاییزی 2018دا لە دانیشتنێکی مەحفەلی خۆیاندا گوتبوویان بەو کەسانەی هەواڵی “جوان”یان پرسیبوو بڵێن: “فڕۆکەکانی تورکیا کردویانەتە ئامانج و ئەو کەسە لە ژیاندا نەماوە.”
لە راستیدا چارەنووسی “جوان” نادیارە کە ئایا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج یان پەکەکە بۆخۆی لەناوی بردووە. لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی پەکەکە “جوان عەرەب”ی وەکوو چەتە و تاوانبار ناساندبوو و بەردەوام لەناو پەروەردە و کۆبوونەوەکاندا باسی لێوە دەکرا.
پرسیارکە ئەوەیە کە ئاخۆ هۆکار چیە کە ئەو کەسە ئێستاشی لەگەڵ بێت نە وەکوو شەهید راگەیەندراوە و نە چارەنووسیشی دیارە؟
لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین بە ئەگەرێکی زۆر، پەکەکە دەیهەوێ ئەو جینایەتانەی کە بەناو ئاسایشی رۆژئاواوە ئەنجامی داون بە کوشتنی “جوان” پەردەپۆشیان بکات.