مەسرور بارزانی: دژی هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەوەستینەوە

مەسرور بارزانی: دژی هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەوەستینەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی هەمووانە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە بۆ پاراستنی قەوارەکە و رێگریکردن لە دابەشکردن یان لاوازکردنی.

لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار نەمامی راگەیاند، هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆری کرد و پێداگریی لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار نەمام لەسەر رووبەری 10 هەزار دۆنم و دروستکردنی سێ پۆند لەخۆدەگرێت، ئەمەش بۆ سەوزکردنی دەوروبەری هەولێر و چاککردنی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی شارەکەیە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، زۆربەی ئەو نەمام و دارانەی دەچێندرێن بەرهەمدارن و لە رووی خۆراکەوە سوودیان لێ وەردەگیرێت، دەکرێت کارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونیشیان تێدا دروست بکرێت و هەلی کاریش بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێنێت. هەروەها دەستخۆشیی لە هێزەکانی پێشمەرگە و خۆبەخشان کرد بەرانبەر بەشداریکردنیان لە چاندنی نەمامەکان هاوشان لەگەڵ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە سەنگەرەکان.

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کرد، پێشتر بەهۆی کارکردنی موەلیدەکانەوە دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی هەولێری گرتبوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی پڕۆژەی “رووناکی” بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر پاککردنەوەی ئاووهەوای هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان دروست بووە و سەوزکردنی شارەکانیش زیاتر یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەندروستیی هاووڵاتییان.

هەڵوێست لە دژی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەی خستەروو، وەک چۆن پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەکان درا، ئێستاش دەستێکی رەش هەوڵی تیرۆرکردنی کوردستان و لەناوبردنی ژێرخانی کارەبا دەدات. هەروەها گوتی، پەلاماردانی کۆرمۆر تاوانە بەرانبەر بە خەڵکێکی بێتاوان و هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق، داواشی لە لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە کرد بە زووترین کات ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشت تاوانەکەوەن ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە، جەختیشی کردەوە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵن.

دەربارەی دۆخی سیاسیش سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، پاراستن و ئاوەدانکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی هەمووانە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە بۆ پاراستنی قەوارەکە و رێگریکردن لە دابەشکردن یان لاوازکردنی. گوتیشی، وەک چۆن لە رابردوودا رژێمەکان سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی و کەمکردنەوەی رووبەری کوردستانیان پەیڕەو دەکرد، ئێستاش دڵنیان هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز رووبەڕووی هەر هەڵمەتێک دەبێتەوە بیەوێت هەرێمی کوردستان دابەش بکات.