نێچیرڤان بارزانی: “بیروڕامان دەربارەی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری ئێران جەخت دەکەنەوە، دیالۆگ باشترین رێگەیە بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە، “ئەم بەیانییە لە ئەنتالیا کۆبوونەوەیەکی بهرههمدارم لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود پزشکیان ئەنجام دا”.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، “بیروڕامان دەربارەی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، “جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و پێداگریمان کرد کە دیالۆگ، لێکگەیشتنی هاوبەش و هاریکاری، باشترین رێگەن بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام”.
کۆبوونەوەکە لە لووتکەی سەرکردەکانی جیهان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوا (COP31) لە شاری ئەنتالیای تورکیا بەڕێوەچوو کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە.