نێچیرڤان بارزانی پیداگریی لەسەر چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا کردەوە

نێچیرڤان بارزانی پیداگریی لەسەر چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا کردەوە

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی کۆماری سووریا کۆبووەوە، هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا و لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوادا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە کرایەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی ناوچەکە بکات.

سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و چارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی قەیرانەکان.

دۆخی کورد لە سووریا تەوەرێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە بوو، کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی پێداگریی لەسەر پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کورد و چەسپاندن و دەستەبەرکردنیان لە دەستووری نوێی سووریادا کردەوە.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیواخوازیی خۆی دەربڕی کە ئەحمەد شەرع لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، هاوکات تاوتوێکردنی چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کۆتایی بە دیدارەکە هێنا.