هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان لە بەیاننامەی دامەزراندنی خۆیدا، سەرنجی خستبووە سەر مافی چارەی خۆنووسین و قەوارەی سیاسی و پاراستنی دەستووریی زمان و کولتووری کوردی.
حیزبە کوردییەکانی ژێر چەتری “هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان” (هەڤبەندی)، بڕیاریانداوە کەیسێک لەدژی لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ئومیت ئۆزداگ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتنی تورکیا ببەنە بەردەم دادگا. سەرکردەکانی هاوپەیمانی جەختیان لەوە کردەوە کە لە هەڕەشەکان ناترسن و پرۆسەیەکی یاسایی بە جیددی دەست پێدەکەن.
ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی دوای وتارێکی توندی ئومیت ئۆزداگ لە ئەنقەرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هات. ئۆزداگ لە وتارەکەیدا هێرشی کردە سەر ئامانجی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان کە هەفتەی ڕابردوو بە بەشداری 170 سیاسەتمەدار و دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی 51 کەسی لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان، ڕاگەیەندرا و بە وەبیرهێنانەوەی چارەنووسی شێخ سەعید و سەید ڕەزا، بە ئاشکرا هەڕەشەی لەسێدارەدانی سەرکردە کوردەکانی کرد.
PWK و PSK: ئێمە سەر نەوی ناکەین
مستەفا ئۆزچەلیک سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزان کوردستان (PWK) ڕایگەیاند، هەنگاوی پێویست لە بواری یاساییدا دەگرنەبەر و ڕایگەیاند، وەک چۆن شێخ سەعید و سەید ڕەزا سەریان نەوی نەکرد، ئەوانیش تا کۆتایی لە سەر پێداگریی لە دۆزی ڕەوای گەلەکەیان بەردەوام دەبن.
هەروەها لای خۆیەوە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) ڕایگەیاند، داواکارییەکانیان بۆ دانپیدانان بە ناسنامەی کورد و زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی و پەروەردە و هەروەها دامەراندنی سیستەمێکی فیدراڵی، مافێکی ڕەوایە. بۆزیەل ڕایگەیاند کە کەسانی وەک ئۆزداگ بە زمانی جینۆساید هەڕەشەیان لێ دەکەن، بەڵام ئێمە بە هیچ شیوەیەک لە هەمبەر ئەم هەڕەشانەدا سەر نەوی ناکەین و کۆڵ نادەین.
داواکارییەکانی هاوپەیمانی و کاردانەوەی ئۆزداگ
هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان لە بەیاننامەی دامەزراندنی خۆیدا، سەرنجی خستبووە سەر مافی چارەی خۆنووسین و قەوارەی سیاسی و پاراستنی دەستووریی زمان و کولتووری کوردی.
بەڵام ئومیت ئۆزداگ لە وتارەکەیدا دژایەتی ئەو داواکاریانەی کرد و وتی: “ئێمە ڕێگەتان پێنادەین ئەم وڵاتە دابەش بکەن و هەمان کارتان لەگەڵ دەکەین کە بەرامبەر شێخ سەعید و سەید ڕەزا کرا”. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە ڕەگەزپەرستی و توندوتیژانەدا، لایەنەکانی هاوپەیمانی بڕیاریان دا، چ لە گۆڕەپانی سیاسی و هەم لە گۆڕەپانی دادوەریدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بدەن.