ئەمەریکا 2 کاروانی دیکەی سەربازی رەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

لەپاش دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا، هەتا ئێستا 3 کاروانی سەربازیی ئەمەریکا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون.
راگەیەندرا کە هاوپەیمانێتی نێودەڵەتی دژی داعش کە ئەمەریکا پێشەنگایەتیی دەکات، بە دوو کاروانی جیا 59 بارهەڵگر هاوکاری سەربازی و لۆجستیی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرد. هەروەها بەپێی زانیاریەکان بەرێگای کۆپتەرەوە 200 سەربازی ئەمەریکیش لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دابەزیون.
بەپێی هەواڵی عەرەب نیوز، کاروانێک لە 45 ئامێری گەورەی سەربازی کە دەبابەشیان تێدا بووە، لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون و بەرەو هەرێمەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەو ئەمەریکا نێردراون.
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەو کاروانە سەربازیە گەیشتۆتە ناو قامیشلۆ.
بەپێی راگەیەنەکان، کاروانی دووهەمیش لە 14 بارهەڵگر پێکهاتوون کە ئامێری سەربازی و لۆجستییان پێبووەو لە دەروازەی سنووری تانفەوە روانەی رۆژئاوای کوردستان کراون.
شایانی باسە لەپاش دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکوو سەرۆکی ئەمەریکا، هەتا ئێستا 3 کاروانی سەربازیی ەمەریکا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون.