لە حەسەکە کچێکی تەمەن 12 ساڵان لەلایەن “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە ڕفێندرا

بنەماڵەی “زەینەب عەبدولڕەوف حەمۆ” ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکانیان بۆ بینینی کچە ڕفێندراوەکەیان بێئەنجام بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتوون، گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی 8ی ئایار کچێکی تەمەن 12 ساڵانیان بە ناوی زەینەب عەبدولڕەوف حەمۆ ڕفاندووە. باس لەوەش کرا کە زەینەب کچی هاووڵاتییەک بە ناوی “ڕووکەن غانم”ـە و ئەم ڕووداوە ناڕەزایی و تووڕەیی بەرفراوانی ڕای گشتی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
دوای ڕووداوەکە، لە کلیپێکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە، یەکێک لە کەسوکاری خێزانەکە داوای لە مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی منداڵان کردووە، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر. لە بانگەوازەکەدا داواکراوە چارەنووسی زەینەب ئاشکرا بکرێت و دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدایە کە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی 2019دا لەگەڵ ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان، پەیمانێکی واژۆ کردووە و بەڵینی داوە کە ئیدی منداڵان تێکەڵ بە ڕیزی هیزەکانی خۆی نەکات و هەروەها ئەو منداڵانانەش ئازاد بکەن کە پێشتر چەکداریان کردوون، بەڵام هەسەدە و فەرماندەکەی هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە بەڵێن و واژۆکەی خۆیان پێبەند نەبوون و بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان دەڕفێنن و بەزۆر چەکداریان دەکەن و لە شەڕەکاندا بەشدارییان پێدەکەن.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی ناوچەیی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کردەیە وەک درێژەی دیاردەیەکی سیستماتیک سەیر دەکرێت. بەپێێ هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕفاندنانە ئەوەیە کە منداڵانی کەم تەمەنە لە بنکەکانی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و سەربازیدا ڕاهێنانیان پێبکرێت و دواتر تێکەڵ بە ڕیزی ڕێکخراوە چەکدارییەکانی سەر بە پەکەکە بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی زەینەب ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە کچەکەیان سەرکەوتوو نەبووە و داواکاری خۆیان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی کچەکەیان دووپات دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا داخوازیی دامەزراوە مەدەنی و ڕێکخراوە یاساییەکان بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و سزادانی بەرپرسیارانی ئەم ڕفاندنە ڕۆژبەڕۆز لەزیادبووندایە.