ڕێژیمی ئێران دوو گەنجی کوردی لەسێدارەدا کە بەندکراوی سیاسی بوون

ئەو دوو گەنجە کوردە لە ماوەی دەستبەسەركرانیاندا بەشێوەیەکی وەحشیانە ئەشکەنجە درابوون و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش كرابوون.
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی قوروە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوەکانی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا کە بە تۆمەتی “محاربە” (دژایەتیی خودا) لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 1/6/2026، سزای سێدارەی ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا. هەروەها، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ هاودۆسیەیەکی دیکەی ئەوان بە ناوی ئارمان مەعریفەتی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز، هێشتا لەئارادایە.
ئاژانسی هەواڵی “میزان”، سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردەوە.
ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئارمان مەعریفەتی تەمەن 38 ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “محاربە” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ئەم خۆپێشاندەرانەی بە تێکدان و ئاگردانی”مزگەوتی جەعفەری” و “حەوزەی زانستیی ئیمام هادی” لە گەڕەکی نەسڕی (گیشا)ی تاران و تێکدانی موڵکی گشتی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا تۆمەتبار کردبوو.
جێی ئاماژەیە ئەو دوو زیندانییە لە ماوەی دەستبەسەركرانیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش كرابوون و ئەو سزا قورس و دژە مرۆڤایەتییانەشیان لەژێر توندترین فشاری ناوەندە ئەمنییەکان و لەسەر بنەمای “دانپێدانانی زۆرەملێی و لەژێر ئەشکەنجەدا” بەسەریاندا سەپابوو.