دەستپێشخەرییەکی هەستیار؛ دوا چانسی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە

دەم پارتی: “ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە کە لە 7 بۆ 8 ماددە پێکهاتووە”.
پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو پێشەوە و خێراترکردنی پڕۆسەی استەنگبووی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە دەستپێشخەرییەکی نوێیان دەستپێکردووە. ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ئەوەیە لە ماوەی مانگ و نیوێکدا پرۆسەکە بگەیەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە.
پڕۆسەی ئاشتی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا دەستیپێکردبوو، ئێستا گەیشتووەتە بنبەست و بەهۆی نەبوونی هەنگاوی یاساییەوە ئاستەنگی بۆ دروست بووە. ئاکەپە دەڵێت، چەکدانانی تەواو و ڕاستەقینە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی، لە کاتێکدا پەکەکە دەڵێت تورکیا پرۆسەکەی پەکخستووە.
دەم پارتی کە پێدەچێت ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەنقەرە و ئۆجەلاندا بگێڕێت، ڕایگەیاندووە کە خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەکن بۆ ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی جووڵە و خێرایی بەو پرۆسەیە بدات، کە لە شوباتی 2026ـەوە وەستاوە.
پرۆسەکە لە ماوەی مانگ و نیوێکدا دەگاتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە
هەر لەو پێوەندییەدا “پەرڤین بوڵدان” هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کاتی پشووی جەژنی قورباندا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە کە لە 7 بۆ 8 ماددە پێکهاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو گەریلایانەی پەکەکە کەوا لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەک دادەنێن، لەم یاسایە سوودمەند دەبن. یاساکە مافی ئەوەیان پێدەدات کە ئازادییەکی تەواویان هەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگاکانیان لە تورکیا، یان بچنە هەر شوێنێکی جیهان کە حەزیان لێیە”.
بوڵدان ئاماژەی بە دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان کرد و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان بەڵێنی درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی و تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگەکانی داوە.
دەم پارتی بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە، هەوڵەکانی دەستپێکردووە تا لە ماوەی مانگ و نیوێکدا ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەماندا تێپەڕێنێت؛ چونکە ئەمە ئەو کاتە سنووردارەیە کە بۆ پەرلەمان ماوە پێش ئەوەی بچێتە پشووی هاوینە کە زیاتر لە دوو مانگ دەخایەنێت.
بە گوتەی پەرڤین بوڵدان، هەڵپەساردنی پرۆسەکە ناڕەزایەتییەکی توندی پەکەکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەمەش ڕەنگە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر هەڵوەشانەوەی پڕۆسەکە بە گشتی بێت.
لێدوانەکانی بوڵدان ناوەندە سیاسییەکانی تورکیای خستۆتە حاڵەتێکی چاوەڕوانییەوە، بۆ ئەوەی بزانن هەڵوێستی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار (ئاکەپە و مەهەپە) چی دەبێت.
مەرجەکانی ئەنقەرە و پەکەکە
پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و هاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکەی (مەهەپە) دژی تاوتوێکردنی ئەم ڕەشنووسە نین، بەڵام گفتوگۆی ڕاستەقینە هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات. بڕیارە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە پشتیوانی لە دەستپێکردنی گفتوگۆی یاسایی بکات، بەڵام مەرجی ئاکەپە دووپاتکردنەوەی دڵنیاییە لە چەکدانانی تەاوەتی.
حکوومەتی تورکیا داوای کرد، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ هاوشانی دەزگای هەواڵگری (میت) ڕاپۆرتێکی فەرمی پێشکەش بکەن کە پشتڕاستی دەکاتەوە پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ناوچەکە بە تەواوی چەکیان داناوە و چیتر هیچ مەترسییەکی ئەمنی لە ئارادا نییە.
لەبەرامبەردا سەرکردەکانی پەکەکە (کە بنکەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانن لە نزیک سێگۆشەی سنووری عێراق-تورکیا-ئێران) دەڵێن، دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، مسۆگەرکردن و گەرەنتییە بۆ ئەو کەسانەی کە چەک دادەنێن، تا ئایندە و چارەنووسیان پارێزراو بێت.