فەرید ئازاد دژایەتی خۆی بۆ سەربازی نیشان دەدات: “من سەربازی ناکەم”

فەرید ئازاد دژایەتی خۆی بۆ سەربازی نیشان دەدات: "من سەربازی ناکەم"

فەرید ئازاد تەنیا بە زمانی کوردی بەرگریی لەخۆی کردووە و لە ئەنجامدا بەبێ واژۆکردنی بەڵگەنامەکە، ئازاد کراوە.

فەرید ئازاد، وتەبێژی تەڤگەری ڤەژین، گرتە ڤیدیۆییەکانی گفتوگۆیەکی تایبەتی نێوان خۆی و سەربازانی سوپای تورکیای بڵاوکردەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەون کە ئازاد بە زمانی کوردی بە توندی ڕەتیدەکاتەوە بەڵگەنامەی فەرمی خزمەتی سەربازی واژۆ بکات. لەبەرامبەر فشاری ئەو سەربازانەی کە دەڵێن “بەو پێیەی لە سەربازیدا خزمەتت نەکردووە، دەبێ واژۆی بکەیت”، ئازاد هەڵوێستی خۆی ناگۆڕێت و دەڵێت: “بەڵگەنامەی خزمەتی سەربازی واژۆ ناکەم”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هاتووە، ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە فەرید ئازاد، وتەبێژی تەڤگەری ڤەژین لە شاری “ئامەد”ـەوە بەرەو شاری مووش دەڕۆیشت و دوای ئەوەی کە لە خاڵێکی پشکنینی سەر ڕێگاکە، ئۆتۆمبێلەکەی ئازاد لەلایەن سەربازەکانی تورکیاوە ڕاگیرا، دوای پشکنینی ناسنامەکەی، سیاسەتی سەربازی جێبەجێکرا.

دەردەکەوێت کە سەربازەکان هەڕەشەیان لە ئازاد کردووە و پێی دەڵێن: “ئەگەر واژۆ لەسەر ئەم بەڵگەنامە فەرمییە نەکەیت دەستگیرت دەکەین”. وتەبێژی تەڤگەری ڤەژین سەرەڕای ئەم هەڕەشە و فشارە دەروونیانە، پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکات و بە زمانی دایکی [زمانی کوردی] بەرگری لە خۆی دەکات.

لە کاتی گفتوگۆکەدا، هەرچەندە سەربازەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کوردی نازانن و داوایان کردووە کە بە زمانی تورکی قسە بکات، بەڵام فەرید ئازاد تەنیا بە زمانی کوردی بەردەوام بووە. دوای ئەو بەرەنگاربوونەوە و گفتوگۆیە درێژخایەنە، ڕاگەیەندرا کە فەرید ئازاد بەبێ واژۆکردن ئازاد کراوە و لە ڕێگای ڕۆیشتنی بۆ مووش بەردەوام بووە.

Share