حەسەکە… لەچوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ سووریادا، گیراوانی هەسەدە ئازاد دەکرێن

حەسەکە... لەچوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ سووریادا، گیراوانی هەسەدە ئازاد دەکرێن

پارێزگاری حەسەکە، لیستی فەرمی ناوی ئەو 88 زیندانییەی بڵاوکردەوە کە فەرمانی ئازادکردنیان بۆ دەرچووە.

لە چوارچێوەی هەنگاوێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشقدا، کاروانێک لە گیراوانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کە لەلایەن حکومەتی کاتیی سوریاوە دەستبەسەر کرابوون، گەیشتنە شاری حەسەکە و پرۆسەی ئازادکردنیان دەستیپێکرد. ئەم هەنگاوە بە دەرئەنجامێکی بەرچاوی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دادەنرێت.

ئەو کاروانەی کە باسی لێوە دەکرێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکی لەخۆگرتبوو، گەیشتە بنکەی فەوجی مەلبییە لە گوندەوارەکانی حەسەکە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە فەرمییەدا دەگیرێتەبەر کە لە 9ی ژانیڤەری 2026دا لە نێوان بەڕیوەبەریی خۆسەر و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق واژۆ کراوە.

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، سەبارەت بەو بابەتە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە “X” ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لیستی فەرمی ناوی ئەو 88 زیندانییەی بۆ ڕای گشتی ئاشکراکردەوە کە فەرمانی ئازادکردنیان بۆ دەرچووە. پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆسەیە قۆناخ بە قۆناخ بەردەوام دەبێت.

ئەوەش ڕاگەیەندرا کە پرۆسەی ئازادکردنەکە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی تیمی سەرکردایەتی تایبەت ئەنجام دەدرێت. بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر کێشەیەکی ئەمنی، ئەم کارە بە هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە و مەروان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی پلانەکە، بڕیارە دوای بازگەکانی فەوجی مەلبیەی، کاروانی زیندانییەکان بەرەو شاری وەرزیشی لە گەڕەکی گووارانی شاری حەسەکە بەڕێبکەون. لەوێ سەدان خێزان و هاووڵاتی بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکارە ئازادکراوەکانیان کۆبوونەتەوە و چاوەڕێی هاتنی کاروانەکەن.

پارێزگاری حەسەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئازادکردنی زیندانیان بە چەند قۆناغێک بەردەوام دەبێت تا ئەو دۆسیەیە بە تەواوی کۆتایی پێدێت. چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوەی دوایی بە نیشانەیەکی بەهێزی بەرەوپێشچوونی دیالۆگی سیاسی نێوان بەریوەبەریی خۆسەر و دیمەشق دەبینن.

Share