نەخشەڕێگای نوێی ئیمرالی ئاشکرا بوو؛ لە چەکدانانەوە تا پەنابەربوونی 200 سەرکردەی پەکەکە

نەخشەڕێگای نوێی ئیمرالی ئاشکرا بوو؛ لە چەکدانانەوە تا پەنابەربوونی 200 سەرکردەی پەکەکە

ئەو گەریلایانەی پەکەکە کەوا دەیانهەوێ چەک دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، دەتوانن لە ماوەی یەکساڵدا داواکاری پێشکەش بکەن.

لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی پرۆسەی ئیمرالیدا، ڕەشنووسی یاسایەکی چوارچێوەیی ئامادەکراوە کە 9 خاڵ لەخۆی دەگرێت. بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، ماوەی یەک ساڵ کات دەدرێتە ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، هاوکات بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسی بۆ ماوەی 5 ساڵ بەسەریاندا دەسەپێندرێت.

دوابەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە و سەرکردایەتی پەکەکە، پڕۆژە یاسای چەکدانانی پەکەکە و چارەنووسی سەرکردەکانی ئەو حیزبە داڕێژراوە.

میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 2/6/2026، چەندین وردەکاری و خاڵەکانی ئەم پڕۆژەیاسایەیان بڵاوکردەوە، کە بەسەر سێ تەوەردا دابەشکراون:

دۆسیەی گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا: ئەو چەکدارانەی کە دەیانهەوێ چەک دابنێن و بگەڕێنەوە خاکی تورکیا، مافی ئەوەیان دەبێت بۆ ماوەی یەک ساڵ داواکاری پێشکەش بکەن.

دۆسیەی کادیرانی بەڕێوەبەریی: پێشبینی دەکرێت نزیکەی 200 کەس لە کادیرانی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی پەکەکە، لەبری تورکیا ڕەوانەی وڵاتانی سێهەم بکرێن.

قۆناغی یاسایی دوای هەڵوەشاندنەوە: دەقە یاساییەکان، شێوازی لێپرسینەوە، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەندامانی پەکەکە، دوای قۆناخی هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی پەکەکە دیاری دەکرێن و ڕوون دەکرێنەوە.

Share