شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشی ئەیلوول سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و لەخەو هەستانی کوردان بوو. شۆڕشی گوڵانیش دانانی بناخەی دەوڵەت بوو.

بووبێ ئەسەر

شۆڕشی ئەیلوول، بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی بارزانی نەمر، هەربۆیە کاتێک بمانهەوێ لەو شۆڕشە تێبگەین، پێویستە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سەر ڕێبازی بارزانایی نەمر راوەستە بکەین تاوەکوو بتوانین بە باشی شۆڕشی ئەیلوول شرۆڤە بکەین.

من دەمهەوێ لەم نووسینەمدا بە کورتی ئاوڕێک لە شۆڕشی ئەیلوول و ئەو گۆڕانکاریە گەورانە بدەمەوە کە لە ژیانی گەلی کورددا پێکی هێناون. مەبەستی من لێرەدا ئەوە دەبێ کە ئێمە وەکوو کورد بتوانین شۆڕشەکانی خۆمان، تواناکان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە شۆڕشی ئەیلوول پێکیهێناون بناسین و بیانناسێنین.

هەتا ساڵی 1946 زۆر شۆڕش و بەرخۆدان لە سەرانسەری کوردستان واتە لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا پێکهاتبوون، بەڵام هیچیان نەیانتوانیبوو سەربکەون. عەجەم، عەرەب و تورکان، کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا و دەیانهەویست گەلی ئێمە بەتەواوی لەمەیدان وەدەر بنێن و بێدەنگی بکەن. لەخۆیدا ئەو شۆڕشانەی کە هەتا ساڵی 1946 پێکهاتبوون، شکستیان خواردبوو و سەرکەوتوو نەبوون. بەهۆی ئەو شکستانەوە، کوردەکان لەسەرانسەری جیهاندا بێ خاوەن و بێ هیوا ببوون. بەڵام لەساڵی 1945 بەملاوە خەبات بۆ ئازادیی کوردستان، لە ڕۆژهەڵات هێدی هێدی شکڵی گرت، جووڵا، پەرەی سەند و پێشکەوت. ئامادەکاری بۆ خەبات و بەرخۆدانێکی گەورە دەکرا بۆ ئەوەی دژ بە داگیرکەرانی فارس شەڕی ئازادیی بەرپا بکرێت.

بە پەسندکردنی بڕیارێکی وەها، دەرکەوت کە کورد هێشتا زیندووە و لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ئامادەن خەبات بکەن. ئەوە خۆشحاڵی و هیوایەکی نوێی بە کوردەکان دایەوە و هەربۆیە بارزانیەکان کە لە سەرهەڵدانەکانی خۆیان دژ بە ڕێژیمی عێراقدا شکستیان خواردبوو، بەرەو لای براکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان ڕۆیشتن. بەهۆی زوڵم و زۆری ڕێژیمی عێراقەوە لەوێ جێگیر ببوون، بەڵام داخوازیی بارزانیەکان هەمووکات ئازادیی کوردستان بووە. هەربۆیەش ئەوان لە ساڵی 1907دا بەبۆنەی دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجە پیرۆزەوە دژ بە داگیرکەران ڕاپەڕیبوون، بەڵام بەهۆی خیانەتی هێندێ عەشیرەتی کوردان کە پاڵیان بە دوژمنەوە دابوو، بەداخەوە نەیانتوانی سەربکەون. بارزانیەکان بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد و تاکەکانیان کۆمەڵکوژ نەکرێن و بەتەواوی لەناو نەبرێن، ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هێزەکەیان بپارێزن. بارزانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون، ئەگەرچی لە ستەمی ڕێژیمی عێراق دەربازیان ببوو بەڵام ژیانێکی زۆر دژواریان هەبوو.

کاتێک کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرشتیی قازی محەممەد بڕیاریدا شەڕی ئازادیی کوردان دژ بە داگیرکەران بەرپا بکات، ئەو بڕیارە سەرجەم بارزانیەکان و بەتایبەتی بارزانیی نەمری زۆر کەیفخۆش کرد. هەربۆیە بارزانیەکان بڕیاریاندا کە شان بە شانی براکانیان لە ڕۆژهەڵات لەپێناو ئازادیی کوردستاندا شەڕ بکەن. ئەو شەڕە دوو بەرهەمی شایستە و هێژای بۆ ئێمەی کورد لێکەوتەوە. یەکەم دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد و ئەوی دیکەشی ئەوە بوو کە بارزانی نەمر بەهۆی خەبات و زیرەکیی خۆیەوە وەکوو یەکەم جنراڵی کورد دەستنیشان کرا.

بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی کە کۆمار دژی بەرژەوەندیی داگیرکەرانی کوردستان و زۆرێک لە زلهێزەکان بوو، پاش کەمتر لە ساڵێک ڕووخێندرا و پێشەوا قازی سەرۆک کۆماری کوردستانیش لەسێدارە درا. بەڵام بارزانیی مەزن سەرۆکی نەتەوەیی کورد کە لەسایەی خەباتی خۆیدا بووە جنراڵی میللەتی خۆی، خۆی تەسلیمی دوژمن نەکرد و لەگەڵ 518 پێشمەرگەی هاوڕێیدا بەرەو سۆڤییەت ڕۆیشتن. لەوێش بۆ ماوەیەک جێگیر بوون.

پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئیدی سەرلەنوێ کوردەکان لەسەرانسەری جیهاندا بێدەنگ مان، چوونکە لەو سەردەمەدا شەڕی ئازادیی لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا سەرکوت کرابوو. میللەتی کورد کۆمەڵکوژ دەکران، کوردستان وێران دەکرا و خەڵکی کورد ئاوارە و دەربەدەر دەبوون. دوژمنانی کورد بەو دۆخە کەیفخۆش بوون و پێیانوابوو کە ئیدی کورد ناتوانن سەریان بەرز بکەنەوە. بەڵام سەرۆکی نەتەوەیی بارزانیی مەزن، ئەو کەیفخۆشیەی دوژمنانی کوردی لە قوڕگیاندا گیر کرد و پاش گەڕانەوەی لە سۆڤییەت جارێکی دیکە شەڕی ئازادیی کوردستانی دەستپێکردەوە. ئەو شەڕە واتە ئەو سەرهەڵدانە، جارێکی دیکە هیوای کوردەکانی زیندوو کردەوە کە لەوپەڕی بێهیواییدا بوون. کوردی سەرلەنوێ زیندوو کردەوە کە لە روانگەی دوژمنانەوە مردبوون. واتە شۆڕشی ئەیلوول سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی گەلی کورد و خەباتی ئازادیخوازانەی کوردان بوو.

شۆڕشی ئەیلوول، توانی لە چوارچێوەی عێراقدا ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان دەستەبەر بکات. بەڵام دوژمن پێی قبووڵ نەدەکرا بۆیە یەکیان گرت بۆ ئەوەی تێکی بدەن و سەرکەوتوویش بوون. بەڵام شەڕی کوردان لەپێناو ئازادیی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی نەتەوەیی بارزانی نەمر هەر بەردەوام بوو.

هەربۆیە من دەڵێم پێویستە لەبیرمان نەچێت: لە شۆڕشی کوردستاندا لە مەهاباد، ئێمەی کورد بووینە خاوەن سەرۆکێکی نەتەوەیی ئەویش مستەفا بارزانیی نەمر بوو. شۆڕشی ئەیلوول سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی گەلی کورد و هی گوڵانیش ئازادیی ئەو بوو. هەربۆیە پێویستە کە گەلی کورد بەشێوەی بەرفراوان ڕاوەستەی لەسەر بکەن و شرۆڤەی بکەن. بەتایبەتی پێویستە لاوان ئەو دوو شۆڕشە بەباشی بزانن تاوەکوو مێژووی خۆیان باشتر بناسن.

واتە شۆڕشی ئەیلوول سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و لەخەو هەستانی کوردان بوو. شۆڕشی گوڵانیش دانانی بناخەی دەوڵەت بوو.

من 62هەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئەیلوول لە گەلی خۆم پیرۆز دەکەم و دەڵێم با گیانبەختکردووانی ئێمە بە ئاسوودەی بنوون کە ئەمڕۆکە کورد لەسایەی تێکۆشان، بەرخۆدان و گیانبازیی ئەوانەوە لە باشووری کوردستان بوونەتە خاوەن پارچەیەک وڵاتی ئازادی خۆیان. بەو هیوایەم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە کوردستانێکی سەربەخۆ…

بژی کورد و کوردستان

بژی شۆڕشی ئەیلوول کە کوردی لەخەوی مردن ڕاچڵەکاند…

Share