گۆڕانکاری لە ستراتیژی ئەمریکادا… بەڵگەنامەی 2026

گۆڕانکاری لە ستراتیژی ئەمریکادا... بەڵگەنامەی

عێراق بەشێکە لە ستراتیجی ئەمنیی ئەمریکا، چونکە عێراق بۆتە خاڵی پێکگەیشتن لە نێوان: هەژموونی ئێران و وزە و هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە کاتی وەرچەرخانی گەورەدا، هێزی دەوڵەتەکان تەنها بە ژمارەی مووشەکەکانیان ناپێورێت، بەڵکو بە شێوازی جیهانبینی و بە زمانی ترس و پەشێوی و ئایندە لێکدەدرێتەوە.

بەڵگەنامەی ئەمریکا تایبەت بە ستراتژیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی 2026، نەک وەک ڕاپۆرتێکی ئاسایی ئەمنی بەڵکوو وەک دەقێکی سیاسی و فەلسەفی هات کە باس لەوە دەکات کە ئەمریکا چۆن تەعامۆل لەگەڵ سەدەی نوێدا دەکات و چۆناوچۆن دوژمن و هەڕەشە و تەنانەت خودی چەمکی جەنگیش سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە.

ئەو بەڵگەنامەیە کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێی دەسەڵات لە عێراق و ئەفغانستان و دوای گۆڕانکاری گەورە لە هاوسەنگی هێزی جیهانیدا، بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە جیهان چووەتە قۆناغێکی تەواو جیاواز لە قۆناغی دوای ڕووداوەکانی 11ی سێپتامبەر.

لە ڕابردوودا ئەمریکا تیرۆری وەک گرووپێکی چەکداری کلاسیکی تەماشا دەکرد کە لە ئەشکەوت و بیابانەکاندا شەڕیان دەکرد و دەتوانرا لە ڕێگەی سەربازی و لەشکرکێشی و شەڕی دەستبەجێ لەناوببرێن. بەڵام ئەمڕۆکە ستراتژیی نوێی ئەمریکا دەڵێ کە هەرەشەکە ئیدی ڕێکخراوی جیاواز و کەسانی نهێنی و شاراوە نین، بەڵکوو بۆتە تۆڕێکی ئاڵۆز و پێکەوەگرێدراو کە لە نێوان ئەو بوارانەدا دێت و دەچێت.

ـ میلیشیا و ئابووری.

ـ میدیای دیجیتاڵی.

ـ ژیریی دەستکرد و هێرشی سایبەری.

ـ درۆن.

ـ ڕێڕەوی دەریایی و وزەی جیهانی.

کەواتە واشنتۆن چیتر جیاوازی ناکات لە نێوان دەریای سوور، گەرووی هورمز، هێرشە ئەلیکترۆنیەکان، گرووپە چەکدارەکان و بازاڕی جیهانیی نەوتدا.

لە عەقڵی ستراتژیی نوێی ئەمریکادا، هەموویان بوونەتە بەشێک لە “سیستەمێکی یەکگرتووی هەڕەشەکان”.

لێرەدا تێدەگەین کە بۆچی ناوی ئێران بە شێوەیەکی جیاواز لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە. واشنتۆن چیتر تەنیا وەک ڕکابەرێکی ئەتۆمی لە ئێران نزیک نابێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە تۆڕێک لە هەژموونیی ناوچەیی گرێدراو بە میلیشیاکانەوە تەعامولی لەگەڵدا دەکات (جەنگی ناتەقلیدی، وزە و جیۆپۆلەتیک).

هەروەها بەڵگەنامەکە پەیوەندی دەستبەجێ لە نێوان عێراق، سوریا، لوبنان، فەزای ئەلیکترۆنی و دەریا نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات. بەو پێیەی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ناوچەیەکی ئەمنی بەیەکەوە گرێدراو، ئەگەر بەشێکی بلەرزێت، بەشەکانی دیکەش بە هەمان شێوە دەهەژن.

بەڵام گرنگی ئەم بەڵگەنامەیە تەنها لەوەدا نیە کە لەبارەی ئەمنییەوە چی دەڵێت، بەڵکو لەوەدایە کە لەڕووی دەروونی و فەلسەفیەوە، عەقڵییەتی خودی ئەمریکا ئاشکرای دەکات.

دوای دوو دەیە لە شەڕ، ئەمریکا لەبەردەم ڕاستییەکی پڕ لە ئازاردایە: ئەو توانی ڕێژیمەکان بڕووخێنێت، بەڵام نەیتوانیوە ئارامی بەرهەم بهێنێت. لە زۆر شەڕدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام بەسەر بشێوی (ئاژاوە)دا سەرنەکەوتووە.

بۆیە باوەڕ (عەقیدە)یەکی نوێ لەنێو ئەمریکییەکاندا لەدایک بووە. ستراتژیی ساڵی 2026 ڕەنگدانەوەی گۆڕینی واشنتۆنە لە چەمکی شەڕ دژی تیرۆرەوە بۆ چەمکێکی قووڵتر و ئاڵۆزتر: ئیدارەکردنی ئاژاوەی جیهانی و ڕێگریکردن لە داڕمانی سیستەمی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.

لێرەوە لایەنی فەلسەفی ڕاستەقینەی بەڵگەنامەکە دەست پێدەکات. ئەمریکا چیتر بەدوای سەرکەوتنی کۆتاییدا ناگەڕێت، بەڵکو زیاتر بەدوای ئەم خاڵانەدا دەگەڕێت:

1/ گرتنەخۆ (الاحتواء) .

2/ تۆقاندنی ژیرانە

3/ کۆنتڕۆڵکردنی هاوسەنگییەکان

4/ ڕێگریکردن لە ڕکابەرەکان بۆ گۆڕینی شێوەی سیستەمی جیهانی.

واتە ئامانج چیتر لەناوبردنی مەترسییەکە بە تەواوی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە هەڕەشەکە لە ژێر کۆنترۆڵی خویدا بهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات کە ببێتە تەقینەوەیەکی گشتی.

ئەمە فەلسەفەیەکی نوێیە کە لەسەر هزرێکی دڵڕەق بنیات نراوە: ئارامیی تەواو ئیدی گونجاو نیە، بەڵام دەکرێ ئاژاوە و پشێوی ئیدارە بکرێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە واشنتۆن ئیدی تەنها لە گرووپە چەکدارەکان ناترسێت، بەڵکو لە هەرەسهێنانی ڕێڕەوەکانی وزە و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکان و شەڕی ئەلیکترۆنی و سەرهەڵدانی هێزە ناوچەییەکانیش دەترسێت.

عێراق بەشێکە لە ستراتیجی ئەمنیی ئەمریکا، چونکە عێراق بۆتە خاڵی پێکگەیشتن لە نێوان: هەژموونی ئێران و وزە و هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان.

بۆیە ناوەندە هزرییەکان و شرۆڤەکارانی ئەمریکا پێیان وایە هەر ململانێیەکی گەورە لەگەڵ ئێران دەتوانێ چەخماخەکەی لە عێراقەوە دەست پێبکات و مەرج نییە لە سنوورە کلاسیکییەکانی شەڕەوە بێت.

مەترسیدارترین شت کە بەڵگەنامەکە ئاشکرای دەکات ئەوەیە کە جیهان چووەتە قۆناغی نە شەڕ و نە ئاشتی.

قۆناغێک کە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بچووک یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هەرزان دەتوانێت بازاڕەکانی نەوت بهەژێنێت و حیساباتی وڵاتە گەورەکان بگۆڕێت.

ئەمە بەڵگەنامەی سەردەمی دڵەڕاوکێی جیهانییە.

سەردەمێک کە ئیمپراتۆریەتەکان چیتر ناتوانن کۆنترۆڵی ڕەها بسەپێنن، بەڵکو ڕەتیشی دەکەنەوە کۆتاییهاتنی هەژموونەکەیان قبووڵ بکەن.

بەم شێوەیە ستراتژیی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی 2026، زیاتر لە دوکتۆرینی لەخۆگرتن (احتواء)ی جیهانی دەچێت نەک پلانێکی ئەمنیی ئاسایی.

بەڵام ئەو پرسیارەی کە بۆ هەموو جیهان بە کراوەیی دەمێنێتەوە ئەوەیە: ئایا بەڕاستی زلهێزەکان دەتوانن کۆنترۆڵی ئاژاوەگێڕییەکان بکەن؟ یان ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە وەک ئامرازێک بەکار دەهێندرا، دواجار دەبێتە هێزێکی گەورەتر لە توانای هەمووان؟

Share