ئاکەپە هێڵی سووری کێشا؛ نە پێگە بۆ ئۆجەلان هەیە و نە گەرەنتی بۆ پەکەکە

ئاکپارتی: “پێدانی پێگەیەک یان ئیمتیازێک بە تاوانبارێک کە سزای هەتاهەتایی قورسی بۆ بڕاوەتەوە [ئۆجەلان]، مومکین نیە”.
داواکارییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دیاریکردنی پێگەیەک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە، تا ئێستاش هەر لە ڕۆژەڤدایە. هەرچەندە لێدوانەکەی باخچەلی بەردەوامە، بەڵام لەلایەن ئاکەپەوە هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی بۆ کراوە. دەوترێت ئاکەپە پێشنیاری پەکەکەی بۆ ‘دەرکردنی یاسایەکی تایبەت’ قبووڵ ناکات و دەڵێ: “بە بێ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان، هیچ یاسایەک دەرناچێت”.
بەرپرسانی ئاکەپە لەبری ئەوەی پێگەیەکی یاسایی بە ئۆجەلان بدەن، دەڵێن پێویستە شەرت و مەرجەکانی ئیمرالی سووک بکرێت و کراوەن بۆ ئەوەی کە ڕێگە بە ئۆجەلان بدەن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، وەک ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستەکاندا دیدار بکات.
ڕوانگە ڕەخنەگرانەکەی ئاکەپە هەروەها دەپەرژێتە سەر ئەو پرۆسەیەی کە پارتی دەسەڵاتدار بە “پێڤاژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” ناوی دەبات و هەنووکە لە ڕۆژەڤی تورکیادا وەک پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” لەئارادایە.
هەرچەندە بەرپرسانی ئاکەپە دژی پێدانی پێگەی یاسایین بە ئۆجەلان، بەڵام کراوەن بۆ سووککردنی بارودۆخی زیندانی ئیمرالی و ڕێگەدان بە ئۆجەلان بۆ ئەوەی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کۆببێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی یووجەل کایائۆغڵو لە ڕۆژنامەی “Tirkiye Gazetesi”دا، هەرچەندە لێدوانەکانی ئاک پارتی و مەهەپە و دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە بەردەوامە، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاوی بیروڕا لە نێوان لایەنەکاندا هەیە سەبارەت بەوەی کە کەی و لە چ مەرجێکدا ڕێکاری یاسایی پەسند دەکرێت.
سەرەتا چەکدانان، دواتر ڕێکاری یاسایی
مەرجی ئاکەپە و لایەنی حکوومەت بۆ پەکەکە ئەوەیە کە پێش ئەوەی هەنگاوی یاسایی بنرێت، دەبێ بە شێوەیەکی بەرچاو چەکەکانی دابنێت. بەڵام زۆرجار پەکەکە و دەم پارتی، پێویستیی گەرەنتی یاسایی بۆ چەکدانان دەورووژێنن.
لە دیدارەکان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، باس لەوە کراوە کە پێویستە هاوکات لەگەڵ داماڵینی چەکدا، کار لەسەر ڕێکارە یاساییەکان بکرێت. بەڵام بۆچوونی زاڵ لەناو ئاکەپەدا ئەوەیە کە تا بەڕوونی ئەوە نەسەلمێنرێت کە پەکەکە چەکی داناوە، نابێ هیچ هەنگاوێک بنرێت. هەرچەندە سەرکردایەتی ئاکەپە هەنگاونان پێش چەکدانان بە “مەترسیدار” دەزانێت، بەڵام بۆچوونی باو لەناو ئەو پارتەدا ئەوەیە کە “یاسا لەسەر بنەمای ئەگەرەکان دانانرێت”.
ئیدیعاکان سەبارەت بە قەڵاکان لەسەر زەوی
سەرچاوەکانی ئاکەپە باس لەوە دەکەن کە چوارچێوەی یاسایی بۆ پرۆسەکە پەیوەستە بەو هەنگاوانەی کە پەکەکە دەیگرێتەبەر. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، لە عەرزی واقیعدا پێچەوانەکەی دەبیندرێت. بەرپرسانی ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆگاکانی چەک و ئەشکەوتەکان چۆڵ نەکراون، بەرپرسانی ئەو حیزبە شرۆڤەیان کردووە کە “گرووپەکانی ناو پەکەکە کە دژی چەکداماڵینن، کێشە دروست دەکەن و پرۆسەکە درێژ دەکەنەوە و شوێنەکانی پەکەکە زیاد دەکرێن”.
“یاساکانی ئێستا بەسە”
لە وەڵامدانەوەی ئەو بانگەشانەی دەم پارتیدا کە دەڵێت ئەوانەی چەکیان داناوە بەهۆی کەموکوڕی یاساییەوە ناتوانن بچنە ناو تورکیا، بەرپرسانی ئاکەپە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە یاساکانی ئێستا سەبارەت بە لەسێدارەدان و تەوبەکردن بەسە بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانیان ئەنجام نەداوە. نموونەی دایکانی دیاربەکریان وەبیرهێناوەتەوە و دەڵێن، “ئەگەر تاوان نەبێت، سزای نییە، بەڵام ئەگەر چەکداماڵینی تەواو لەسەر عەرزی واقێع بکرێت، بەدڵنیاییەوە یاسایەک دەخرێتە بەرنامەی کارەوە”.
چارەسەرێکی کاتی بۆ ئیمرالی
هەڵوێستی ئاکەپە سەبارەت بە مشتومڕی دانانی پێگەیەک بۆ ئۆجەلان کە هەستیارترین خاڵە لە پرۆسەکەدا، ڕوون بووەتەوە. سەرکردایەتی ئاک پارتی وشیارانە لە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ پێدانی پێگەیەکی یاسایی بە ئۆجەلان نزیک دەبێتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو سەرچاوانەی کە دەڵێن پێدانی پێگەیەک یان ئیمتیازێک بە تاوانبارێک کە سزای هەتاهەتایی قورسی بۆ بڕاوەتەوە، مومکین نیە، بەڵام دەکرێ سووککردنی گۆشەگیری لەسەر ئیمرالی وەک “چارەسەرێکی کاتی” دابنرێت.
هەرچەندە پێدەچێت ڕێگەدان بە ئۆجەلان بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەندیل و چاوپێکەوتن لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، وەک ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستەکان، دەتوانێت فشارەکان لەسەر پەکەکە زیاد بکات، بەڵام ناوەندە سیاسییەکانی ئەنقەرە دانوستان لەسەر ئەوە دەکەن کە پرۆسەکە بە ستراتژیکی ڕاگەیاندن لە دەوری سەرۆککۆمار ئەردۆغان و سەرۆکی مەهەپە باخچەلی و ئۆجەلان دابڕێژرێت.