یەکێک لە مەترسیدارترین کێشەکان

یەکێک لە مەترسیدارترین کێشەکان

پرسی کورد لە پرسی مافەکانەوە گۆڕاوە بۆ پرسی دەسەڵات و بەرژەوەندیی ستراتژیک.

سمکۆ عەبدولعەزیز

کە ئەمڕۆ سەیری پرسی کورد لە تورکیا دەکەین، لە ڕواڵەتدا وا دیارە دۆخێکی موجەرڕەدە، بەڵام لە ناوەوە وەک مێرگێک وایە کە پڕ لە پۆلووە، نە دەکوژێنەوە و نە دەشبنە ئاگرێکی تەواو.

ئەم ئارامییە، ئاشتی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنێکی عەقڵانییە بۆ شەڕێکی ڕانەگەیەندراو. ئەو پرسە لە سنوورە ناوخۆییەکانی خۆی تێپەڕیوە و بووەتە بەشێک لە ململانێیەکی ئاڵۆزی ناوچەیی کە ئابووریی وزە و ململانێی جیۆپۆلەتیکی نێوان ئێران، ئەمریکا، عێراق و سووریا لەخۆدەگرێت.

دەوڵەتی تورکیا چیتر پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی سادەی چەکدار نابینێت، بەڵکو وەک هێزێکی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی دەبینێت کە توانای خۆنوێکردنەوەی هەیە. بۆیە لۆژیکی دەوڵەت گۆڕاوە، ئامانج تەنیا کۆتایی هێنان بەم بزووتنەوەیە نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە دروستکردنی قەوارەیەکی جوگرافی پێکەوەگرێدراو بەدرێژایی سنوورەکانی عێراق و سووریا. تورکیا هەموو هەوڵی خۆی دەدات ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لە ناو خاکی دراوسێکانیدا دروست بکات بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات کە ئەم بیرۆکەیە ببێتە جوگرافیا.

خاڵێکی تری زۆر گرنگ کە پرسی کورد گەرمتر دەکات، پرسی ئابوورییە. پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کەوا کەنداو و ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە، وایکردووە کە تورکیا و عێراق بگەنە ڕێککەوتنی نوێی ئەمنی.

پێویستە تورکیا ئاسایشی ئەم ڕێگایە بپارێزێت و بەغداش دەبێ نەوت ناوچەکە و بازرگانی بەبێ کێشە بەڕێوەببات.

لێرەدا پرسی کورد ئیدی تەنها پرسی مافەکان نییە، بەڵکو بووەتە بەربەست لەبەردەم بەرژەوەندیی ملیارەها دۆلاریدا و ئەمەش فشار دەخاتە سەر هەموو لایەک بۆ ئەوەی کە بەرەو چارەسەری نەخوازراو بچن.

پەکەکە لەبەردەم پێکناکۆکییەکی قووڵدا ڕاوەستاوە، لەلایەک هەوڵدەدات خۆی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پیشان بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێت خۆی بە تەواوی لە کولتوورە چەکدارییەکەی جیابکاتەوە. ئەم سەرلێشێواوییە ڕێگە بە ئەنقەرە دەدات کە بە بیانووی ئەمنییەوە بەردەوام بێت، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە هێزە مەدەنییە کوردییەکان دەکات کە ببنە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی بێ کێشە.

ئێران نەک لە ڕوانگەی چارەسەرەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەی هاوسەنگیەوە تەعاموڵ لەگەڵ پرسی کورددا دەکات.

ئێران هیچ بەرژەوەندییەکی لە پرۆژەیەکی بەهێزی کوردیدا نییە و ناشیهەوێت تورکیا بەتەواوی سەربکەوێت. ئەوان دەیانهەوێت ئەم گرژییە وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی تورکیا بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە عێراق یەکێکە لە لاوازترین حەڵقە لە چەقی کێشەکاندا، چونکە هەموو باڵانسەکان لەسەر خاکەکەی تاقیدەکرێتەوە و باجی هەر هەڵەیەکی سیاسیش لەوێ دەدرێت.

لەم سیناریۆیەدا سووریا دوور نییە، بەڵکو هەستیارترین ململانێیە بۆی، کە لەوێدا هەژموونی نێودەوڵەتی و بوونی کورد یەکدەگرێتەوە و جوگرافیا دەبێتە گۆڕەپانێکی بەردەوام بۆ تاقیکردنەوەی هێزەکان. ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی لە تورکیا ڕوودەدات، بەڵکو بەشێکە لە هەمان وێنە، وێنەی قەوارەیەک کە هێشتا دروست نەبووە، بەڵام لە حیساباتی هەموو کەسێکدا ئامادەیە.

بەم شێوەیە پرسی کورد لە پرسی مافەکانەوە گۆڕاوە بۆ پرسی دەسەڵات و بەرژەوەندیی ستراتژیک. لەم شەڕەدا بڕیارەکە نە سەربازییە و نە سیاسییە، بەڵکو هەردوولا لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا گەمارۆ دەدرێن، کە کەس سەرناکەوێت، بەڵام هەمووان ترسیان لە دۆڕان هەیە.

مەترسییەکە لەوەدایە کە ئارامیی ڕووکەش هەندێک جار بشیوییەکی قووڵ دەشارێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک کە کێشە گەورەکان گەرم دەبن ناتەقێتەوە، بەڵکو کاتێک دەتەقێتەوە کە کێشە دواخراوەکان کەڵەکە دەبن.

پرسی کورد یەکێکە لە پرسە هەرە مەترسیدارەکانی ئەمڕۆ، چونکە نە دەمرێت و نە چارەسەریش دەکرێت، بەڵکو بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە و تەنها چاوەڕێی سەردەمێکی جیاواز یان هەڵەیەکی ستراتژییە کە دیمەنە گشتییەکە بگۆڕێت.

Share