دۆزی کورد ئەمڕۆ گەیشتووەتە مەترسیدارترین قۆناغەکانی

دۆزی کورد ئەمڕۆ گەیشتووەتە مەترسیدارترین قۆناغەکانی

مەترسیدارترین شت بۆ هەر هۆکارێکی مێژوویی، شکستی سەربازی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە خاوەنەکانی ئەو دۆزە بۆخۆیان  گومان لەو ڕێگایە دەکەن کە ئەوانی بە ئەمڕۆ گەیاندووە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

لەمڕۆدا تورکیا کاتێک کە سەیری ڕەوشی کورد دەکات، تەنها وەک شۆڕشێکی چەکداری یان قەیرانێکی سیاسیی دواخراوی نابینێت، بەڵکوو وەک ئەگەرێکی مێژوویی دەبینێت کە ترسی ئەوەی هەیە تەواو ببێت.

بۆیە ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا دەگوزەرێت، تەنیا کێبڕکێیەکی ئەمنیی کلاسیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکی کوێرانەیە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی واتای دۆزی کورد و دیاریکردنی سنوورە دەروونی و سیاسییەکانی لە پێش سنوورە جوگرافییەکانییەوە.

دەوڵەتی تورکیا دەزانێت کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان هەمیشە لە شاخدا تێکناشکێندرێن، بەڵکو لەوانەیە لە ناو زانکۆکاندا و لە یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ناو ئەو جیلانەدا بگەڕینەوە کە چەکیان هەڵنەگرتووە، بەڵام هەستی ناسنامە و خیانەتیان پێکەوە وەک میرات بۆ ماوەتەوە.

بۆیە عەقڵییەتی ئەمنی تورکیا بە ئاسکرا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئیدی ئامانج تەنها کۆتاییهێنان بە پێکهاتەی سەربازیی پەکەکە نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە لەدایکبوونی هەر گێڕانەوەیەکی نوێ کە بتوانێت پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کوردی میانڕەوتر و مۆدێرنتر بەرهەم بهێنێت.

لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت لە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی ستراتژیکی تورکیا تێبگات. ئەنقەرە چیتر پرسی کورد وەک یاخیبوونێکی ناوخۆیی نابینێت، بەڵکو وەک مەلەفێکی جیۆپۆلەتیکی سەیری دەکات کەوا بە ئایندەی تەواوی ناوچەکە لە باشوور تا ڕۆژئاوای کوردستانەوە  گرێدراوە. بۆیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنها بەرەنگاربوونەوە نیە، بەڵکو بووەتە سیاسەتێکی درێژخایەن بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دروستکردنی هەر بەردەوامییەکی جوگرافی یان دەروونی بۆ پرۆژەی کوردیی فرەسنوور.

سەیر لەوەدایە کە مەترسیدارترین گۆڕانکارییەکان نەک تەنها لەناو دەوڵەتی تورکدا، بەڵکو لەناو خودی کۆمەڵگەی کوردیشدا ڕوودەدەن. دوای چەندین سەدە لە شەڕ، زیندان، کۆمەڵکوژی و قوربانیدان، جیلێکی نوێی کورد سەریهەڵداوە کە لە ڕووی دەروونی و فیکرییەوە جیاوازە لە نەوەکانی پێشوو. جیلێکە کەوا زیاتر پەیوەستە بە جیهانەوە، کەمتر جدییە لە شەڕی کلاسیک، بەڵام هاوکات لە پرسیارکردن لە گوتارە کۆنەکاندا بوێرترە.

ئەم نەوەیە نەک تەنها پرسیار لە داهاتوو دەکات، بەڵکو پرسیار لە دەرئەنجامیش دەکات:

دوای ئەم هەموو سەد ساڵە چی بەدەست هاتووە؟

لە خەونی یەکەم چی ماوە؟

تەنانەت لە نێو ئەوانەی کە هێشتا باوەڕیان بە دۆزی نەتەوەیی هەیە، باوەڕێک لە گەشەکردندایە کە گوتارەکەی ئێستای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئیدی وەک ئەو گوتارە نین کە بزووتنەوەکەی لەسەر بنیات نراوە.

هەندێک وەهای دەبینن کە ئەو پیاوەی سەردەمانێک باسی لە پرۆژەیەکی نەتەوەیی بەرفراوان دەکرد، ئێستا چەمکێک دەخاتەڕوو کە زیاتر لەگەڵ تێڕوانینی دەوڵەتی تورکیادا دەگونجێت، نەک وەک دەربڕینی خواستە نەتەوەییە کلاسیکیەکانی کورد.

لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵانێک لەناو گۆشەگیریی دریژدا، بەشێک لە گەنجانی کورد ئۆجەلان وەها دەبینن کە چیتر لە دەرەوەی کاریگەری تۆڕە ئەمنییەکانی تورکیا ناجووڵێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە هاوکێشەیەکی دەبینن کە هەوڵدەدات دۆزی کورد لە سنوورەکانی دەوڵەتی قووڵی تورکیادا پێناسە بکاتەوە.

لێرەدا مەترسیدارترین قەیران لە هۆشیاری هاوچەرخی کوردیدا بەدیار دەکەوێت، وەک زۆر کەس بە ئازارێکی بێدەنگەوە دەپرسن:

میللەتێک کە دەیان هەزار گیانی بەخت کردووە و سەدان گوندی سووتێندراوە و نەوەکانی لە زیندان و دەربەدەریدا بێسەروشوێن بوون، دواجار چۆن دەتوانێ بگاتە پڕۆژەیەک کە تەنانەت کەمترین گەرەنتی نەتەوەیی ڕوونی پێنادات؟

ئەمە تەنها قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکو قەیرانی واتای مێژووییشە. گەلان بەرگەی شکست دەگرن، بەڵام بەزەحمەت قبووڵی دەکەن کە قوربانیدانەکانیان بگاتە دەرئەنجامی زۆر بچووکترە لەو خەونەی کە دەستیان پێکردووە.

بۆیە کێبڕکێی ڕاستەقینە لە دۆزی کورددا ئیتر تەنیا لە نێوان دەوڵەت و بزووتنەوەی چەکداریدا نییە، بەڵکو خەریکە دەگۆڕێت بۆ کێبڕکێیەک لەناو خودی هۆشیاری کورددا، لە نێوان نەوەیەکدا کە هێشتا گوتاری کۆن وەک ڕەمزێکی مێژوویی دەبینێت و نەوەیەکی نوێ کە هەوڵ دەدات پرۆژەی نەتەوەیی بە زمانێکی ڕوونتر و واقیعیتر و سەربەخۆتر لە چەمکە ناڕوونەکان کە دانپێدانان و شوناسێکی سیاسی ڕاستەقینە بۆ کورد دابین ناکەن، پێناسە بکات.

ئێران

لە لایەکی دیکەوە پێدەچێت ئێران بە عەقڵێکی ساردەوە سەیری ئەم گۆڕانکارییە بکات. تورکیا نە سەرکەوتنی پڕۆژەی نەتەوەیی کوردی دەوێت و نە لەگەڵ ئاشتییەکی تەواویشە بۆ تورکیا، چونکە بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئەنقەرە و کورد، دەرفەتێک دەدات بە تاران بۆ مانۆڕدان و هاوکات تورکیاش بە دۆسیەیەکی ماندووکەرەوە سەرقاڵ دەکات. بەم شێوەیە پرسی کورد دەگۆڕێت بۆ مەیدانێک کە بەرژەوەندییە ناوچەییەکان تێیدا یەکدەگرن، نەک چارەسەری ڕاستەقینەی تێدا بدۆزرێتەوە.

عێراق

بەڵام عێراق بووەتە لاوازترین جوگرافیا لەم هاوکێشەیەدا. لەسەر خاکەکەی سوپا دروست دەکرێت، بنکە دروست دەکرێت و نامە و پەیامی هەواڵگریی نهێنی ئاڵوگۆڕ دەکرێت. هەر هەلەیەکی بچووک دەتوانێ تەقینەوەیەکی گەورەی ناوچەیی لێبکەوێتەوە، چوونکە عێراق ئیدی تەنها جیرانی قەیران نیە، بەلکوو بۆخۆی بوەتە جێگەیەک کەوا سەرجەم هێڵی ئاڵۆزییەکانی لە تورکیا، ئێران و سووریای تێدا کۆبووەتەوە.

لەم وێنە ئاڵۆزەدا وادەرناکەوێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی ڕاستەقینە بڕوات، بەڵکو بەرەو قۆناغێکی درێژخایەنی شەڕی سارد دەڕوات. هەمووان باس لە چارەسەرێک دەکەن، بەڵام هەمووان بە عەقڵیەتی خۆی ئامادەکردن بۆ ڕووبەروبوونەوە لەگەڵ ململانێیەکی درێژخایەن و دواخراو مامەڵە دەکەن. دەوڵەتی تورکیا باوەڕی بەوە نییە کە بیرۆکەی کورد تەواو بووە، بزووتنەوەی کوردیش باوەڕی بەوە نییە کە ئەنقەرە ناسنامەیەکی سیاسی ڕاستەقینەی پێبدات، هێزە ئیقلمییەکانیش نایانەوێت ئەم مەلەفە بە تەواوی دابخرێت، چونکە لە کراوەیییەکەی سوودمەند دەبن.

بۆیە دۆزی کورد ئەمڕۆ لە مەترسیدارترین قۆناغەکانیدایە، نەک لەبەر ئەوەی نزیک دەبێتەوە لە شەڕێکی گەورە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە دووبارە پێناسەکردنەوەی خۆی نزیک دەبێتەوە و ئەو پرسیارەی کە بە بیدەنگی دەڤەرەکە دەخوێنێت بە تەنها ئەوە نیە کە: ئەرێ شەڕ کۆتایی دێت؟

بەڵکوو ئەوەیە: باشە دوای ئەم هەموو خوێنڕشتن و مێژوو و گۆڕانکارییە، دۆزەکە چ واتایەکی دەمێنێت؟

چونکە مەترسیدارترین شت کە بەسەر هەر هۆکارێکی مێژووییدا دێت، شکستی سەربازی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە خاوەنەکانی ئەو دۆزە بۆخۆیان دەست بە گومانکردن لەو ڕێگایە دەکەن کەوا ئەوانی بە ئەمڕۆ گەیاندووە.

Share