ئازادکردنی زیندانیەکانی داعش، پلانێکی مەترسیداری پەکەکەیە

ئازادکردنی زیندانەکانی داعش، پلانێکی مەترسیداری پەکەکەیە

نزیکەی 10هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی ڕۆژئاڤادا هەن و فەرماندەی هەسەدە دەڵێت پلانمان ئازادکردنی هەموویانە.

بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا، لێبوردنێکی گشتیی بۆ ئازادکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکانی خۆیدا لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەرکرد و حکومەتی عێراقیش لە ترسی دووبارە بەهێزبوونەوەی داعشدا، ئاسایشی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا توندتر کردووە. فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگالیش ئەم بڕیارەی بەڕیوەبەریی خۆسەری بە پلان و یارییەکی مەترسیداری پەکەکە ناوبرد.

لەگەڵ تێپەڕاندنی کەمتر لە هەفتەیەک دوای دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ بەندکراوانی ناو زیندانەکانی سەر بە بەڕێوەوبەریی خۆسەر، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کاروانێکی هەزار و 500 زیندانیی لە زیندانەکانی خۆی ئازاد کرد، کە گومان دەکرێت ئەو زیندانیانە لە چەکداران و ئەندامانی داعش بن.

ژمارەیەک لەو زیندانییە ئازادکراوانە سزای 10 ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە بەڵام  تەنها دوو ساڵ لە زینداندا بوون و ژمارەیەکیشیان بە 4 ساڵ زیندانیکران سزا دراون بەڵام تەنها ساڵێکە لە زینداندا بوون و ئازاد کراون.

پەکەکە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر خۆی، تیرۆریستەکانی داعش ئازاد دەکات

لەمبارەیەوە قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال، ئاشکرای کردووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه) یارییەکی مەترسیداری دەستپێکردووە و کارتی داعشی بەکراهێناوە و دەیهەوێ بەمشێوەیە فشارەکانی عێراق و تورکیا بۆ سەر پەکەکە کەم بکاتەوە.

پەکەکە بە هەزاران تیرۆریستی داعشی لە زیندانەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان ئازاد کردووە و‌ ئەوەش مەترسیی بۆ سەر دانیشتووانی شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بەگشتی دروست کردووە و هیزە ئەمنیەکانی عێراقیش لەسەر سنوور جێگیر کراون.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە شنگال دەشڵێت: “پەکەکە لێبووردنی گشتیی بۆ زیاتر لە 1500 چەكداری داعش لە زیندانەكانی خۆی دەركردووە و بە دوو قۆناغ ئازادیان دەكات. لە قۆناغی یەكەمدا، 1112 چەكداری لە گرتووخانەی رەققا ئازاد كردووە و لە قۆناغی دووەمیشدا، 400 چەكداری دیكە ئازاد دەكات”.

مەترسیی گەڕانەوەی تیرۆریستان بۆ نەینەوا

قاسم شەشۆ دەستنیشانیشی کردووە: “ئه‌م یارییە‌ی په‌كه‌كه‌ ترسناكه‌، ده‌زانێت له‌ قه‌ندیل ڕووبەڕووی فشاری توركیا بووه‌ته‌وه، هەروەها له‌ سلێمانی دۆخیان خراپە و چیتر دەسەڵاتدارانی ئەوێش ناتوانن چاوپۆشی لە جموجۆڵی پەكەكە بكەن، هەروەها عێراقیش لەگەڵ توركیا ڕێك كەوتووە و پەكەكەی وەك حزبێكی قەدەغەكراو ناساندووە، ئەمانە هەمووی فشارن لەسەر پەكەكە، بۆیە ئەو حزبە دەستی بۆ كارتی زیندووكردنەوەی داعش بردووە و چەكدارەكانیان ئازاد دەكات، بەتایبەتیش كە مەترسیی ئەوە هەیە كە ئه‌و داعشانه‌ی ئازاد كراون، بێنه‌ سنووری پارێزگای نەینەوا و دیسان دۆخی ئەمنی تێك بچێتەوە”.

قاسم شەشۆ داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندارەكان کرد کە مەترسیی ئەو كارتە بە جددی وەربگرن كە پەكەكە دەستی بۆ بردووە و پشتگوێی نەخەن.

مەزڵوم عەبدی: پلانی ئێمە ئازادکردنی هەموو زیندانییەکانە

هەروەها مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی زیندانیکراوی داعش و ئازادکردنیان ڕایگەیاند، “لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی هەزار و 500 بەندکراومان ئازادکردووە. پلانی ئێمە ئەوەیە کە هەموو بەندکراوەکان ئازاد بکەین، تەنها ئەوانە نەبێت کە دەستیان بە خوێن سوور بووە، بەو چەکدارە بیانیانەشەوە کە لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعشدا شەڕیان کردووە”.

لە ڕۆژئاوای نەینەوا ڕێوشوێنی ئەمنی و خۆپارێزی گیراوەتەبەر

لای خۆیەوە محەمەد شەمەری، لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژئاوای نەینەوا بە رۆژنامەی (العربي الجديد)ی راگەیاندووە، “هێزەكانی عێراق ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتووەتە بەر بۆ رێگەگرتن لە هەر دزەكردنێك لە سنووری سووریاوە بۆ نێوخۆی عێراق، بە درێژایی 200 كیلۆمەتر هێز بڵاوەیان پێ كراوە”.

هەمان ڕۆژنامە ئەوەشی دركاند كە بە درێژایی سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا لە پارێزگای نەینەوا، كامێرای چاودێری وەگەڕ خراون.

10 هەزار ئەندامی داعش لە زیندانەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەردا بەندکراون

نزیکەی دە هەزار چەکدار و ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا هەن، کە لەو ژمارەیە، نزیکەی دوو هەزاریان بیانین.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) لە ڕێکەوتی 17/7/2024دا “لێبووردنێکی گشتی” ڕاگەیاند و بڕیاریدا سەرجەم ئەو کەسانەی خەڵکی سووریا ئازاد بکات کە بەر لە دەرکردنی ئەو لێبووردنە، زیندانی کرابوون.

وەک هەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، بەپێی زانیاریەکان زیاتر لە هەزار و 500 کەس ئازاد کراون کە زۆربەیان ئەندامی ڕێکخراوی داعشن.

حکومەتی عێراق نیگەرانە

ئەم هەنگاوەی بەڕیوەبەریی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) نیگەرانیی حکومەتی عێراقی فیدراڵی لێکەوتۆتەوە، هەروەها ترسی ئەوەش هەیە کە ئەندامانی ئازادکراوی داعش لە سووریاوە دزە بکەنە ناو خاكی عێراق، بۆ ئەوەی جارێکی تر دەستگیر نەکرێنەوە و ئەمەش دەتوانێ هەنگاوێک بێت بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوەی داعش لە عێراق و بەهێزبوونەوەی.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بڕیاری “لێبووردنی گشتی”ی بەڕیوەبەریی خۆسەر، سوپای عێراق هێزی زیاتری ڕەوانەی سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی چەکدارانی داعش بکەن.

Share